بەرژەوەندییە سیاسییەکانی کورد لە نێوان "دۆناڵد ترامپ" و "جۆبایدن".

بەرژەوەندییە سیاسییەکانی کورد لە نێوان

لەوانەیە ئەمە پرسیاری زۆربەی کوردان بێت کە ئایا بەربژێرانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کامیان زیاتر دەبنە جێگەی بەقایئێ بۆ کورد؟

ئەوە لای ھەمووان ڕوونە کە سیاسەتی وویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیھاندا نەگۆرە و سیاسەتێکی درێژخایەن و دووبارە تاڕاددەیەک لەگەڵ ووڵاتان پەیڕەو دەکات
بەڵام زۆربەی جاران سەرکردە و سەرۆکەکانی ئەمریکا وەک کەسێتی کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییەکان ھەبووە.

جیاوازی نێوان ترەمپ و بایدن لە تێڕوانین بۆ پرسی کورد بە گشتی ئەوەیە؛کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بە گشتی لە پرسەکان دەڕوانێت،واتا قوڵ نابێتەوە بۆ کێشە و گرفتە ووردەکارییەکانی کورد،ئەوەشمان لە لەشکرکێشیەکانی ئێران بۆ سەر "کەرکوک" و ناوچەکانی دیکەدا بینی،لە پرسی ڕۆژئاوای کوردستانیش سەڕەڕای قوربانی زۆر بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی دەیڕوانیە ڕووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و ھیچ جۆرە سۆز و ھاوکار و پشتگیرییەکی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دووپاتنەکردەوە.

لە باکوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھیچ جۆرە پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ حیزبە سیاسیەکانی ئەوێ دروستنەکردووە،لە کاتێکدا دەکرا باشتر و دروستتر پەیوەندی سیاسی و پشتگیری کوردانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکردابایە دژـی "کۆماری ئیسلامی ئێران".

لە ھەرێمی کوردستان (ترەمپ) وەک کەسێتی پەیوەندیەکی بەھێز و دیبلۆماسی درێژخایەنی دروست نەکرد،سەڕەڕای پارێزراو و داڵدەی پاراستن و سەقامگیری بۆ ھێزەکانی ئەمریکا و دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکان،لەوەشەوە کورد ھەمیشە باجی نزیکبوون لە سیاسەتەکانی ئەمریکای لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست داوە،بەھۆی دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە زۆربەی کات بووەتە جێگەی ھەڕەشەی ئێرانییەکان و حەشد و حیزب اللە و گرووپە میلیشییایەکانی دیکە...

دەشێ بە قسە و ووتار پاڵپشتی گەلی کوردستانی لە ھەرێمی کوردستان بکردبایە،کە بە دڵنیاییەوە ئەو پاڵپشتیە ئابووری و سەربازییانەی کە پێشکەشی حکومەتی عێراقی دەکرد کەمێک زیاتری ھەرێمی کوردستانی بکردبایە،دۆخی سیاسی،سەربازی و ناوچەیی ئێستا جیاواز دەبوو،بۆ ئەمریکاش واقعێکی جیاوازتر دەبوو

ھەروەھا "ترەمپ" سەرکەوتوو نەبوو لە کەمکردنەوەی ھەیمەنەی ئێران لەناوچەکە و عێراق بە گشتی کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ھەرێمی کوردستان دروستکردووە،ئێران (بەشێکی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان) بە تەرەفگیری سیاسەت و بەرژوەندییەکانی ئەمریکا دەزانێت،ھەر بۆیە ھەمیشە ناڕاستەوخۆ لە بەرژوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا دەدات.

ھەرچی (جۆبایدن) بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکایە،تا ڕادەیەک تێگەیشتن و خوێندنەوەی بۆ پرسەکانی کورد لەناوچەکە زیاترە،بەو پێوەرە گرنگەی لە سەردەمی جێگرایەتی سەرۆک ئۆبامادا،بەرپرسی ڕاستەوخۆی مەلەفی گشتی عێراق بووە،زانیاری زیاتر و تێگەیشتنی زۆر زیاترە لە کێشەکانی نێوان بەغداد-ھەولێر،ئەو باشتر چۆنیەتی قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان لە عێراقدا دەزانێت،تێڕوانینی بۆ سەربەخۆ بوونی کورد باشترە,پێشتر لە سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی،(بایدن) ئەمەی بە ڕاستەوخۆ وتووە کە لە داھاتوودا پشتگیری پرسی کورد لەناوچەکە دەکەن.

بەڵام ھەموو ئەمانە تەنھا قسەن و ناشێ ئومێدیان لەسەر ھەڵچنرێ،چونکە دەشێ ترەمپ سیاسەتی بەلای پشتگیری کورددا بشکێتەوە و جۆبایدنیش لە ئەگەر دەرچوونی قسە و سیاسەتەکانی بگۆڕێت.

بەڵام بە گشتی و ئەرزی واقع و پێشبینیەکانمان بە پێی دواین گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ناوچەکە و جووڵەکانی ئەمریکا وای دەردەخەن کە "جۆبایدن" بەربژێری دیموکراتەکان لە ئەگەر سەرکەوتنی بەسەر دۆناڵد ترەمپدا،پاڵپشتی
باشتری بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بێت لە چوارچێوەی عێراقدا.
Top