بۆ دەبێت کورد پەند لەڕابردووی خۆی وەرنەگرێت ؟
June 15, 2020
وتار و بیروڕا
لەمێژووی کوردا هەردەست کەوتێک بەدەست هاتبێت،، بەهۆی چەند ئەڵقەلەگوێیەکی نەیارانی کورد و ناکۆکیە نێوخۆیەکان لەدەست چووە و گەراوینەتەوە خالی صفر، بۆیە تائێستە کورد هیچی بەهیچ نەکردووە و لەسەر خاکی خۆی خاون بستێ خاک نیە !
لەئێستەدا کە چەند بەرپرس و حزبێکی خۆفرۆش و ئەڵقە لەگوێ بەبەرنامەو پیلانی دەرەکی کار لەسەر تەواو ئاڵۆزکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەهەمان کاتدا چەند حزبێک لەبێ ئاگای یان بەزۆرەملێ ڕاکێشراونەتە نێو ئەو یاریە و کەوتونەتە گیانی یەکدی و تەرو وشک پێکەوە دەسوتێنرێت، لەبیرکراوە ئەم دۆخەی خوڵقێندراوە بەرنامە بۆ دارێژراوەو لەبەرژەوەندی نەیارانی کوردەو وەک دەستپێکێک ئەم دەرفەتەیان قۆستۆتەوە بۆ سرینەوەی کوردبوونی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ؟!
گرنگە بپرسین ؛ بۆدەبێت کورد پەند لەرابردووی خۆی وەرنەگرێت ؟
ئەحزابی کوردی بەئاگایە لە پیلانی بەغدا و سیاسەت و بەرنامەی وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی ؟
لەنێو ئەم گێژاوەی ناوچەکەی تێکەوتوە ، کورد لەکوێدا دەبێت ؟
ئەحزابی کوردی کەخۆیان بەدەم راست و خاوەنی قەزییەی کوردی و ئەم هەرێمە دەزانن و دەریایە خوێن لەپێناو ئەم ئەزموونە بەخشراوە ، هیچ گەرنتیەکیان وەرگردووە لە گۆرینی دۆخی ناوچەکە هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە ڕێک کەوتنێکدا ناکرێتە قوربانی و ناسردرێتەوە ؟
گرنگە سەرکردایەتی کورد و حزبە نیشتیمان پەروەرەکان، لەپێناو هێورکردنەوەی ئەم دۆخەنالەبارە و دەرفەت نەدان بەنایار و بەکرێگیراوان، قوربانی بەخۆیان بدەن و هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆیەکان بنێن بەتایبەت ( مووچە ) ؛ مووچە کەلێنێکی گەورە و بێ متمانەیەی تەواوی خستۆتە نێوان موچەخۆران و دەسەڵات، نەیار و بەکرێگیراوان ئەم دەرفەتەیان قستۆتەوەو وەک کارتێک بۆ نەهێشتنی سەنگی کورد و ئینتیمای نەتەوەی تاک و تێکدان و ئاژاوەگێری و دووبەرەکی بەکاری دێنن،، پرکردنەوەی ئەم کەلێنە زەرورەتە و گرنگە ئەم دەرگا لەسەر نەیار و خۆفرۆشان دابخرێت لەپێناو مانەوەی هەرێم و لەدەست نەچوونی سەرجەم دەستەکەوتەکان کە خەبات و قوربانیدانی 100 ساڵی نەتەوەی کوردە .