نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی

بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت.
سڵاو و رێز
بەڕێز.. سایتەکانی (چپە و میللەت و هێزەکانی یەکێتی) سەر بە حزبەکەت، باس لە دواکەوتنی مووچە دەکەن و حکومەتەکەت بە دواخستنی مووچە تاوانبار دەکەن، تۆش لەم دۆخە هەستیارەدا نە دەنگت هەیە و نە رەنگ، پێدەچێ کەرەنتینە کرابی، خۆ ئەگەر کەرەنتینەش کرابی دەکرێ وەک کەسی دووەمی حکومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و کوڕی مام جەلالی رەحمەتی، لە رێگای نامەیەکی دەنگییەوە پەیامێکت لەسەر مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی هەبێ و هۆکاری دواکەوتنی مووچەش بۆ سایتەکانی حزبەکەت روون بکەیتەوە، چونکە سایتەکانی حزبەکەت حکومەت بە هۆکاری بە ئەنقەستی دواکەوتنی مووچە تاوانبار دەکەن، ئەوا جەنابت لە دوای سەرۆکی حکومەت دووەم تاوانباری، خۆ ئەگەر سایەتەکانی حزبەکەت بە مەبەستی سیاسی پرسی دواکەوتنی مووچە بوروژێنن و لەو پێناوەشدا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پشت گوێ بخەن، ئەوا جەنابت یەکەم غەدر لێکراوی دەستی حزبەکەتی، بۆیە پێویستە ئەگەر هەر نەبێ لە رێگای نامەیەکی دەنگییەوە وڵامێکت بۆ سایتەکانی حزبەکەت هەبێ و ئەگەر لە دواخستنی مووچە جەنابت دووەم تاوانباری، هەقە لە ریگای ئەو نامە دەنگییەوە داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکەی، خۆ ئەگەر تاوانباریش نیت و هۆکاری تر لە پشت دواکەوتنی مووچەوە هەن، هەقە بە سایتەکانی حزبەکەت بڵێی: تکایە چیتر غەردم لێ مەکەن.
Top