حزبی کوردی و سیاسەتی دووفاقي
January 31, 2020
وتار و بیروڕا
لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم و لەم کابینەیەش، هەموو حزبە بەشدار بووەکانی حکومەت پەیڕەوی سیاسەتی نێرمووکییان کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش حزبەکان خۆیان دەکرد بە دوو تیم و هەر یەکێک لەو تیمانەش ئەو سیاسەتەی پیادە دەکرد کە داگیرکارانی کوردستان بەسەر مەکتەب سیاسیەکانیانیدا دەسەپاند، ئەرکی تیمەکانیش وا دابەش دەکران کە تیمێک لەناو حکومەت و تیمەکەی تریش لە دەرەوەی حکومەت و دژی حکومەت بێ، ئەگەر کەسێکی نەشارەزا سەیری کار و هەڵوێستی ئەو دوو تیمەی کردبا، وایدەزانی ئەو دوو تیمە لە دوو حزبی جیاواز و دوژمنی سەرسەختی یەکترین.
تیمی ناو حکومەت خۆی دەکرد بە کەڕەی شەربەفرۆش و بێدەنگی هەڵدەبژارد، پێنج فەرزە دەپاڕایەوە و دەیگوت: خوایە لەو قەرارە رایگری و لێمان تێک نەدەی، تیمی دەرەوەی حکومەتیش هەموو هەوڵەکانیان لەسەر ئەوە چڕ دەکرنەوە چۆن شکست بە حکومەت بێنن و چۆن بەربەستی بۆ درووست بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادە بوون هێز لە داگیرکارانی کوردستانیش وەربگرن، گوێیان هەڵدەخست بەغدا لە کوێ تۆمەتێکی درۆ بۆ حکومەتی هەرێم هەڵدەبەستێ، ئیتر ئەوان سێ بە سێ تەڵاقیان دەخوارد و دەیانگوت: بەغدا راست دەکا و حکومەت گەندەڵە، ئێ کاک و خوشکی حزبی نێرەمووک، ئەگەر راست دەکەی و حکومەت گەندەڵە و تۆ دژی گەندەڵی، خێرە لەو حکومەتە گەندەڵە ناکشێیەوە؟!
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر حزبە نیرەمووکەکانی کوردستان پێیان وابوو پیلانەکە وەک نەخشەی بۆ کێشراوە دەچێتە پێش و شتێک نامێنێ بەناوی حکومەتی هەرێم، ئیتر بە کۆمەڵ بەرەو بەغدا هەڵیانتیزاند و ناسنامەی حکومەتی (ئینقاز)یان لەسەر مێزی حەدەر عەبادی داناو گوتیان: قوربان ئێمە حکومەتمان ناوێ و لە بەرەی (ئینقاز)ین.
ئەو بەرەی ئینقازە ماوەی چوار ساڵ لە حکومەتدا بوون، دوای ئەوەی هەڵبژاردن هاتە پێش و حکومەت بوو بە کار بەڕێکەر، لە حکومەت کشانەوە و گوتیان: ئێمە دژی گەندەڵین و لەو حکومەتە گەندەڵە دەکشێینەوە، ئەوەیە حزبی نێرەمووکی سیاسی، ئێستاش دەستبەرداری ئەو سیاسەتە نێرەمووکییە نەبوون، لە حکومەت بەشدارن و لە راگەیاندن و سایتەکانیشیانەوە سووکایەتی بەو حکومەتە دەکەن کە خۆیان بەشێکن لێی، لەوەش سەیرتر بانگەشەی دژایەتی کردنی گەندەڵی دەکەن و بە ناوهێنانی چاکسازیش قەڵس دەبن، موزایەدەی کوردایەتی دەکەن و مافی چاریەی خۆنووسین لەسەر دڵیان دەنووسن و وەک مێش و مەگەزیش بە دەوری پاراستنی کەلاکی عێراقدا هەڵدەسووڕێن و هیچ عەرەبێکی شۆڤێنیش ئەوەندەی ئەوان عێراقچی و خوازیاری پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق نییە.