کۆچی ئیدریس بارزانی و ئەرکی سەرۆک
January 30, 2020
وتار و بیروڕا
دوای پیلانە شوومەکەی جەزائیر و نەخۆش کەوتنی بارزانی نەمر و دواتر کۆچ کردنی، ئەرکی دەست پێکردنەوە و بەردەوامی شۆڕش و وڵامدانەوەی ئەو پیلانە نێودەوڵەتی و فرە جەمسەرە کەوتە سەرشانی دوو هەڵۆی بەرزە فڕی ئاسمانی کوردایەتی و راهێنراوی ناو لانەی شۆڕشگێڕی، ئەوانیش کاک ئیدریس و سەرۆک بارزانی بوون، ئەو دوو برایە کە دوو گەنجی تێگەیشتوو لە کوردایەتی و پێگەیشتووی ناو قوتابخانەی پڕ لە ورەی بەرەنگاری و چەمکی تازەی شۆڕشگێڕی بارزانی نەمر بوون، ئەو دوو برایە برایانە ئەو ئەرکەیان گرتە ئەستۆ و گەورەترین ئامانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیان لە بارزانی باوک وەرگرت، ئەوە لە کاتێکدا بوو زۆرێک لە بەرپرس و بڕیار بە دەستانی ئەوکاتی شۆڕش بە راکردن لە بەرپرسیارێتی هەوڵیان دەدا وەستانی کاتی شۆڕش بە شکست ناوبەرن و شکستەکەش بخەنە ئەستۆی بارزانی نەمر، بەشێکی تریش کە لە شۆڕش و کوردایەتی یاخی ببوون هەوڵیان دەدا لە کانیاوی ئەو وەستانە کاتیەی شۆڕش جوانکاری سیاسی و شۆڕشگێڕی بۆ رابردووی پڕ لە خراپەکاری خۆیان بکەن و هەر بەو جوانکاریەوەش خۆیان نمایش بکەن، هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستانیش لەسەر ئەوە کۆک و هاوڕا بوون کە شۆڕش و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد لە بازنەی ئەو وەستانە کاتیەدا گەمارۆ بدەن و رابەرایەتی شۆڕش لە دەستی رابەری راستەقینەی کورد دەربێنن و رادەستی دەست و پیوەندە شاراوەکانی خۆیانی بکەن.
داگیرکارانی کوردستان و ئەو بەشەی کە لە بەرپرسیارێتی رایان دەکرد و ئەو بەشەش کە جوانکاری سیاسییان بۆ خۆیان دەکرد، هەموو خاڵە ناکۆکەکانی نێەان خۆیان وەلادەنا و لە خاڵی دوور خستنەوەی ماڵباتی بارزانی نەمر لە شۆڕش و بەرخودان یەکتریان دەگرتەوە، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان کاک ئیدریس و سەرۆک بارزانی بە شاندانە بەر بەرپرسیارێتی جیا لەوەی گەمارۆی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستانیان کردە پێخوستی شۆڕشگێڕی خۆیان، چاوەڕوانی نەیارانی ناوخۆشیان کردە خەونێکی بەدی نەهاتوو و بە دۆست و دوژمنیشیان گوت: ئەوە ئێمەین خاوەنی راستەقینەی شۆڕش و وەڵامدەرەوەی پیلانی داگیرکارانی کوردستان، ئەوە ئێمەین بڕیاری بەردەوامیمان داوە و بەردەوامیش دەبین تا بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان.
هەر کەسێک بۆ تەنیا جارێک بە دیداری ئەو زاتە شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرە گەیشتبێ و ئامۆژگاری و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی بێنێتەوە پێش چاوی خۆی، دەزانێ کۆچی دوایی کاک ئیدریس لە رۆژی ٣١ــ١ــ١٩٨٧ جیا لەوەی بۆشاییەکی گەورەی لەناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد جێهێشت، ئەرکی سەرۆک بارزانیشی کردە دوو بەرامبەر، بەڵام ئەگەر دوور لە سۆز و رقی سیاسی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی بە بێژینگی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەریدا بکەین، دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی کە سەرۆک بارزانی بە پابەند بوونی بە رێبازی بارزانی نەمر، هەم توانی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە کۆچی دوایی کاک ئیدریس خستیە ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد، هەمیش ئەرکە دوولایەنەکەی سەرکەوتووانە ئەنجام بدات.
ئەوەی سەرۆک بارزانی کردی و ئێستاش دەیکات دوور بوو لە چاوەڕوانی و پێشبینییەکانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان، چونکە هەرچی دوژمنان بوون بۆ درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری پشتیان بە هێز و زەبروزەنگ و پیلانگێڕی دەبەست و پێیانوابوو بە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە دەتوانن شۆڕشگێڕانی کورد ببەزێنن، هەرچی سەرۆک بارزانیش بوو لە رووبەڕوو بوونەوەی هێز و زەبروزەنگی ئەوان هێزی لە ئیرادەی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازان وەردەگرت و لە وەڵامدانەوەی پیلانگێڕیەکانیش پشتی بە رێبازی بارزانی نەمر دەبەست، بۆیە لێرەوە بە دۆست و دوژمن دەڵێم: ئەوەی لە رووی دوژمنان هێزمان پێ دەبەخشێ و هەموو بۆشاییەکانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیش پڕ دەکاتەوە، ئەوەی گوڕوتینی بەردەوامیمان پێ دەبەخشێ و بە دوا ئامانجی سەربەخۆییمان دەگەیەنێ، گردبوونەوەمانە لەناو رێبازی بارزانی نەمردا، چونکە ئەو رێبازە بۆتە سیستەمی شۆڕشگێڕی و کورد تا بەو سیستەمەوە پابەند بێ، هیچ هێز و پیلانگێڕییەکی دوژمنان ناتوانێ کاروانی رووە و سەربەخۆییمان بوەستێنێ، بۆیە لە ساڵیادی کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانیدا دەڵێم: باشترین وەفا و پاداشت و رێز گرتن لە خەبات و ماندووبوونی ئەو زاتە شۆڕشگێڕەی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد، پابەند بوونە بە رێبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی سەرۆک بارزانی.