نێچیرڤان بارزانی لە کوردستان سەرۆکی هەرێم و لە داڤۆس سەرۆکی وڵات
January 22, 2020
وتار و بیروڕا
سوورە مەرگەیی
گرنگی کۆنگرەی داڤۆس لەوەدایە کە سەرۆک و بڕیار بەدەستانی وڵاتان بەشداری تێدا دەکەن، نێچیرڤان بارزانی تاکە سەرۆکە کە سەرۆکی وڵات نییە و سەرۆکی هەرێمێکە و بۆ ئەو کۆنگرە بانگهێشت کراوە، لەوەش گرنگتر لە پەراوێزی ئەو کۆنگرە جیهانیەدا نیچێرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و، دوو لەو دیدارە گرنگانەش ئەنجامدانی دیدارە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانە.
بانگێشت کردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بۆ کۆنگرەی داڤۆس و دیدار و کۆبوونەوەکانی زۆر هەڵدەگرێ، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بانگهێشت کردنی نێچیرڤان بارزانی و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک و وەزیرانی وڵاتان ئاماژەیە بۆ بەهێزی پێگەی حکومەتی هەرێم، ئەو پێگەیەش بۆ دوو خاڵی سەرەکی دەگەڕێتەوە.
یەکەم:ــ کاریگەری هێزی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی لە شەڕی ریکخراوی تیرۆریستی داعش و دەنگدانەوەی ئەو کاریگەریە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بە جۆرێک هەست بەو کاریگەریە دەکرێ کە ناوی پێشمەرگە وەک هێزێکی بەرگریکار چووە ناو فەرهەنگی سیاسی و سەربازی جیهانی.
دووەەم:ــ دیارە کۆنگرەی داڤۆس کۆنگرەیەکی ئابوری جیهانییە و زیاتر گرنگی بە پرسە ئابورەکان دەدات، ئەوەش ئەو بڕیارە گرنگ و دووریبنەمان بیر دەخاتەوە کە دەیوست کورد بکاتە خاوەنی ئابوری سەربەخۆ، هەرچەندە ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم لە لایەن حکومەتی عێراق و عێراقچییەکانیش زۆرترین دژایەتی کرا و هەوڵدرا ئەو بڕیارە پەک بخەن و، نەهێڵن کورد و حکومەتی هەرێم ببنە خاوەنی ئابوری سەربەخۆ و وەک ئێستا کوردستان بچێتە ناو وزەی جیهانی، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەوەی مەبەستی بوو کردی و گوێی بە هەڕەشەکانی بەغدا و تۆمەت هەڵبەستنی عێراقچییەکان نەدا، ئەوەش جیا لەوەی لە کاتی مووچە و قوت بڕینی خەڵکی کوردستان، ئابوری سەربەخۆ ئەگەر بە کەموکورتیش بێ فریامان کەوت و نەیهێشت بەرنامەی دوژمن لە هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و زەوت کردنەوەی دەستکەوتەکان سەرکەوتوو بێ، وەک دەبینین کورد و پێگەی حکومەتی هەرێمیشی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی کە نێچیرڤأن بارزانی وەک سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ لەو کۆنگرە گرنگە جیهانیەدا بەشدار بێت، لێرەوە دەمەوێ بڵێم: کارەساتەکانی مێژوو و رووداوەکانی ئێستا و ئامانجەکانی داهاتوو پێماندەڵێن: با چیتر لە ژێر کاریگەری ئیرەیی سیاسی و چاوچنۆکی حزبی بڕیار نەدەین و لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین.