پرۆگرامەكانی خوێندن هەوێنی بنیاتنانی تاكی داهاتووی كۆمەڵگەیە

پرۆگرامەكانی خوێندن هەوێنی بنیاتنانی تاكی داهاتووی كۆمەڵگەیە

شاعیرو نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی (ولیەم شكسپیر) دەڵێ: «ئەو هەموو ساڵانەمان بەسەربرد لە فێركردن، لەگەڵ ئەوەش كەس فێری نەكردین كە خۆمان خوش بوێت».
لێرەو لەوێ لەسەرئاستی بەرپرسیاریەتی و ئاساییدا، لە كۆبوونەوەو دانیشتن و قسەو باسەكاندا زۆر جاران باس دەكرێ، كەوا پرۆگرامەكانی خوێندن پێویستیان بە گۆڕین و گۆڕانكاری و هەمواركردنەوە هەیە. بێگومان گوڕین و گۆڕانكاری پێویستییەكە لە پێویستییەكانی مرۆڤــ و ئادەمیزاد، چونكە ئێمە لە سەردەمێك دەژین، سەردەمی خێرایی لە زانیاری و زانست و زانینە و زانیارییەكان بە خێرایی دەگەن.
بۆیە پێویستە پرۆگرامەكانی خوێندن لە قوتابخانەدا بە بەردەوامی گۆڕانكاری و هەمواركردنەوەی بەسەردا بێت، دەبێت لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری پرۆگرامەكان بەڕێوە ببرێن و بڕیاریان لەسەر بدرێت، چونكە پرۆگرام دڵی هەموو دەزگا و پرۆسەیەكی فێركردنە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت پەرەپێدان و گەشەپێدان لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەست پێ بكەین، دەبێ سەرەتا پرۆگرامەكان گەشە پێ بدەین، ئینجا مامۆستا رابهێنین لەسەر پرۆگرامەكان و بەشداری خولی راهێنان و شیاندن بكەن، پرۆگرامەكانیش لەهەموو روویەكەوە بێت، چونكە پرۆگرامەكان هێندە هەستیار و كاریگەرن كە نەوەی دواڕۆژی كۆمەڵگە و میللەتەكەمان لەسەر ئەو پرۆگرامانە نەش و نما دەكەن. بۆیە جەختكردن و جێگیربوون لەسەر گۆڕین و هەمواركردنەوەی پرۆگرامەكان بە بەردەوامی كارێكی هەرە لەپێشینە و گرنگە و پێویستە پرۆگرامەكان بە نیشتمانی بكرێن و گرنگە كۆمەڵێ بەهای پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی زیاتر گەشەیان پێ بدرێت و مكوم و قایمتر بكرێن، هاوتەریب لەگەڵ كارامەییەكانی ژیان، دەبێت خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان، رەنگدانەوەی راستگۆیی سیاسەتی وڵات بێت لە هەموو روویەكەوە، لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و بەیەكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردن و خۆشەویستی بۆ خۆمان بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە و بۆ خاك و نیشتمان، جگە لە رەنگدانەوەی كۆمەڵێ چەمك لە بەها و كارامەییەكان كە لە ناخی هەرتاكێكدا بە زیندوویی و بە كردار هەستی پێ بكرێ و پراكتیزە بكرێ لە ژیانی رۆژانەدا، چونكە پرۆگرامەكانی خوێندن هەوێنی بنیاتنانی تاكی داهاتووی كۆمەڵگەیە لە هەموو روویەكەوە، جگە لەوەش پرۆسەی گەشەپێدانی فێركردن بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەكان، لە پرۆگرامەكانەوە دەست پێ دەكات، كە قوتابی دەیانخوێنێت، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند ئامانجە چاوەڕوانكراو و پێشبینیكراوەكانی بەدەست هێناوە و جێبەجێی كردووە.
گومانی تێدا نییە قوتابخانە تاكە وێستگە و پردی پەڕینەوەیە بۆ پاشەڕۆژ كە لەوێ نەوەكان پەروەردە دەكرێن و فێردەكرێن لەسەر ئەو پرۆگرامەی خوێندن كە لە قۆناغە جیاوازەكان دەخوێندرێن لەپێناو بنیاتنانی كۆمەڵگە و نیشتمان. لێرەدا تاچەند پرۆگرامەكان راست و تەندروست و بێ كێشە بن، ئەوا بێگومان ئامادەكردن و بنیاتنانێكی سەركەوتوومان دەبێت، بەڵام لە كاتێكدا پرۆگرامەكان قورس و ئیفلیج بوون و لەگەڵ گۆرانكارییەكانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری و سەردەم هاوتەریب و گونجاو نەبوون، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەنجام و ئامانجێك دێتەدی كە كەسمان خۆزگەی بۆ ناخوازین، چونكە پرۆگرام هەر تەنیا وەكو پەرتووك و بڕیاردەر و فەرماندەری خوێندن سەیر ناكرێت، بەڵكو پرۆگرام دەبێت بڕیاردەری سەرجەم چالاكی و رەوشت و پەرتووك و زانست و زانیاری و زانیارییە پەروەردەییەكان و بەهاكان و كارامەییەكان و تاقیكردنەوەكان بێت، هەر ئەوەش پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەبێت، كە مەبەست و ئامانج كوالێتیی خوێندن و ئاستی فێربوونی قوتابیان بێت، نەك بۆ دروێنەی نمرەی زۆر بەرز.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگی و بایەخەوە دەڕوانێتە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و بەتایبەتیش جۆرو گرنگیی پرۆگرامەكان، بە هەمان شێوە وەزارەتی پەروەردە لە خەم و مشوری پرۆگرامەكاندایە و دەیەوێ پرۆگرامێكی كوالێتیی بەرز بۆ قوتابیان دەستەبەر بكات، هەتا بتواندرێ لە داهاتوودا كوالێتیی خوێندن لە كوردستان بەرز ببێتەوە، بۆیە منیش لێرەدا بە پێویست و ئەركی سەر شانمی دەزانم كە داوا لە وەزارەتی پەروەردە بكەم، پێداچوون و بەدواداچوونەوە بە سەرجەم پرۆگرامەكانی خوێندندا بكات، لە سەرجەم قۆناغ و بابەتەكان لەلایەن كەسانی شارەزا و بەئەزموون و پسپۆڕ لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، وەرگرتنی راو سەرنجی كەسانی پەروەردەیی جۆراوجۆریش زۆر پێویستە، هەروەها سوودوەرگرتن لە نموونەی وڵاتانی پێشكەوتوو لە پەروەردە و فێركردن، لەوەش گرنگتر پرۆگرامەكان پێویستە لەلایەن كەسانی پەروەردەیی شارەزا و بەئەزموون بەڕێوە ببرێن، كە هەڵقوڵاوی پۆل و قوتابخانە و ژینگەی پەروەردە و فێركردن و قوتابخانە بن، واتە بە قۆناغەكانی مامۆستایەتی و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری كارادا رەت بووبن. لەكۆتاییدا داواكارم وەزارەتی پەروەردە ئەنجومەنێكی زانستی و پەروەردەیی لەپێناو گەشەپێدان و پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندن دروست بكات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین ئەنجامی باش و سەرنجڕاكێش بە دەست بهێنین لە پرۆگرامەكان بەپێی پێوەرە جیهانییەكانی پرۆگرامەكانی خوێندن.

Top