گرنگی خوێندنی پیشەیی لە پرۆسەی پەروەردە

گرنگی خوێندنی پیشەیی لە پرۆسەی پەروەردە

راھێنەری بە ناوبانگی ئەڵمانی ئوتمار ھیتزفیلد دەلێ" شانازی بە پیشەی خۆم دەکەم".
بێگومان یەکێک لە بنەماکانی سەرکەوتن لە ھەر ئیش و پیشەیەک دا، خۆشەویستی و شانازی کردنە بەکارەکەت، بۆیە گەر بمانەوێ خوێندنی پیشەیی پێش بخەین، پێویستە خۆشمان بوێ و شانازی پێ بکەین، چونکە خوێندنی پیشەیی پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و شارستانییە کە پێویستییەکانی کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا دێنێتە دی، لە ھەمان کاتدا خوێندنی پیشەیی یەکێکە لە بەرنامە پەروەردەییە پێویستییەکانی ئەو سەردەمە و ھەموو سەردەمێک، کە بریتی دەبێت لە ئامادە کردن وشیاندنی کەسی شیاو بۆ ئەو پیشانە و دەرئەنجام جێ بەجێ کردنی پلانی پەرەپێدان و گەشەپێدانی کۆمەڵگە و دابین کردنی پێداویستییەکانیەتی کە دەرئەنجام کۆمەڵگە پێش دەکەوێ، بۆیە لە سەرەتادا پێویستە گرنگی بە بلاوکردنەوەی بایەخی فێرکردنی پیشەیی بدەین لە کۆمەڵگە کە چەند گرنگە نەوەی ئایندە فێری پیشەیەک ببن، ئەوەش بزانن فێرکردنی پیشەیی و تەکنیکی بڕ بڕەی شتی ھەموو پەرەپێدان و گەشە پێدانێکن، لە ھەمان کاتیشدا دەرگای بنەڕەتین بۆ فێربوونی نەوەکانمان و دابین کردنی پێداویستییە گرنگەکانی کۆمەڵگە، ھەر ئەوەش وا دەکات کە لاوەکانمان، گەنجەکانمان ببنە پێشەنگ و سەرکردە لە ئیش و کارە دەستییەکان و دامەزراندنی چەندەھا پرۆژەی گرنگ و فێربوونی کارامییەکان و گەشە پێدانیان. چونکە ھەردەم خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی رۆلێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە بووە لە تەکاندانی رەو ڕەوی ژیان لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەگشتی، کە خۆی لە خۆیدا بنچینەی سەرەکییە لە ئامادەکردن و پێگەیاندنی کەسی شیاو و شارەزا لە ھەر بوارێک لە بوارەکانی ژیان، کە کەسێکی کارامە و چاپوکی لێ دەردەچێت و توانای ململانێی پیشەیی ھەیە لە ھەموو روویەکدا و ھاوشان دابین کردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ئیش و فێربوونی پیشە و کەم کردنەوە و نەھێشتنی بێ کاری و چاک کردن وباشتر کردنی بژێوی ژیانی تاکەکان، واتە لە یەک کاتدا کۆمەلێ سوود و قازانجی لە رادەبەدەری ھەیە، لە بیرمان نەچێت ھەر خوێندنی پیشەیی بوو بووە بەردی بناغەی پێشکەوتن و گەشەسەندنی ووڵاتان، دوای ئەوی شەڕ وێران ببوون نموونە(ژاپۆن، بەریتانیا، ئەڵمانیا). بۆیە گرنگە ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان بەخۆشحاڵیەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم وەزارەتی پەروەردە لە بەرنامەی دایە بە پلان و دیراسەوە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی بدات، بە پێویستی دەزانم ھەوڵ بدرێ لە داھاتوودا گرنگی پیشەیی بە شەکانی (پیشەسازی، بە ھەموو جۆرەکانی و کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی و بازرگانی و ئەوانی تریش) بدرێ، کە بتوانین لە داھاتوودا تاکی دەست رەنگین بنیات بنێن کە بتوانێ ھەموو جۆڕەکانی پیشەسازی وەکو بۆریچی و تەعدیلچی و کارەباییات و دارتاشی و میکانیک و سەیارات و کشتوکاڵی و بەخێوکردن ئاژەڵ و ھەموو جۆڕەکانی تری ئیشی دەستی فێر بێت و لە ھەمان کاتیش پێداویستیەکانی کۆمەڵگە بھێنێتە دی و ببنە کەسی کاریگەری و پێویستی لە ناو کۆمەڵگە، ھەروەھا بە پێی بڕوانامەکانیان بتوانن سوود و قازانج بە کۆمەڵگە بگەیەنن. وەکو کەسێکی شیاو پیشەگەر لە بواری پسپۆڕی و پیشەیی دا سوود بگەیەنن، لە ھەمان کاتیشدا دەتوانرێ بازاڕ رێک بخرێتەوە بە پێی پسپۆڕی پیشەیی.
دەکرێ لە ساڵانی داھاتوودا لە قەزاکانی سەر بە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی پیشەیی جۆرا وجۆر و جیاواز بکرێتەوە، بە پێی پلانێکی دیراسەت کراوی گشتگیر و یەکسان بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و ئامادە کردن و شیاندنی کەسانی دەست رەنگین و پیشەگەر.

بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەیی


Top