کورد و مێژوو و داهاتوو
December 7, 2019
وتار و بیروڕا
بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژوو ناتوانین هەڵەکانی رابردوومان دەستنیشان بکەین و چاک و خراپ و شۆڕشگێڕ و خیانەتکار لە یەکتری جیا بکەینەوە، بەبێ دەستنیشان کردنی هەڵەکانی رابردوومان و راستکردنەوەیان هەر هەنگاونانێک بەرەو داهاتوو سووڕانەوەیە لە بازنەی ئەو نەهامەتیانەی لە ئەنجامی هەڵەکانی رابردوو بەسەرمان هاتوون، جگە لەوەش مێژوو ئەو ئاوێنەیە کە چاک و خراپ، کوردپەروەر و موزایەدەچی، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز و خیانەتکار و وڵاتفرۆشمان وەک خۆی پیشان دەدات، جا بە گەڕانەوە بۆ مێژوو فێڵی سیاسی ئەو کەس و دەستە و گرووپانە چ بێ مێژووەکان یان مێژوو رەشەکان وەک خۆی دەردەکەوێ، بەوەش هەم موزایەدەچیەکان بەڕەی موزایەدە و خۆ بە پاڵەوان کردنیان لەژێر پێ دەردەکێشرێ و هەمیش خیانەتکار و وڵاتفرۆشان ناتوانن چیتر خیانەت و وڵاتفرۆشی خۆیان وەک شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز بە خەڵک بفرۆشنەوە.
مێژوو چاوی گەلە و دەبێ بەو چاوە لە داهاتوو بڕوانین، ئەوانەی دەڵێن: بەسە و چیتر باسی مێژوو مەکەن، دەیانەوێ چاوی گەڵ ببەستن و بە چاو بەستراوی بەناو کەند و کۆسپ و هەڵدێر و بەردەڵانی رابردووی بخەن، ئەوان بوونی خۆیان لە چاو بەستنی گەلدا دەبینن، چونکە هەرکاتێک گەل چاوی کردەوە رووی راستەقینەی ئەوان دەردەکەوێ، بۆیە تا بتوانن دژایەتی مێژوو دەکەن، لێرەوە بە دیکۆمێنت کردنی مێژوو دەبێتە ئەرکی لە پێشینەی خاوەن مێژووەکان و بەبێ جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکەش، ناتوانرێ ئەو داهاتووە بنیات بنرێ کە سەدان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەکەین و قوربانی دەدەین.