عێراقی دوای هەڵبژاردنەکان و ئەرکی کورد

عێراقی دوای هەڵبژاردنەکان و ئەرکی کورد
تادێ عێراق ئەو بنەما و مەرجە دەوڵەتیانە لە دەست دەدات کە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە بە هێز بەسەر پێکهاتەکانی خەڵکی عێراقدا سەپێنراون، ئەوە کێشەی نێوان کورد و عەرەب بە سوننە و شیعەیەوە، ئەوە کێشە و دوژمنداری نێوان سوننە و شیعەی عەرەب و بە غەنیمەت بردنی ژن و کچی یەکتری، ئەوە دەستوەردانی دەرەکی و شەڕی بەرژەوەندی و باڵادەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران و وڵاتانی هەرێمی، ئەوە قەیران و هەڵوەشانی ناو ماڵی شیعەشی هاتەسەر, ئەو کێشە و قەیرانانە و زۆر کێشە و قەیرانی تریش لەو کێشە و قەرانانەن کە عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەبن و دابەشبوونی بۆ سێ بەشی کوردی ــ شیعەی عەرەبی ــ سوننەی عەرەبی دەکەنە ئەمری واقع.
هەڵبژارنی ئەمجارەی عێراق و دەرکەوتنی ئاڵۆزیەکانی ناوماڵی شیعە، دابەشبوونی عێراقی کردە دوا دەریچەی کۆتایی هێنان بە مەیەنەتی پێکهاتەکانی عێراق، جا ئەگەر ئەو دەریچەیە دوا وێستەگەی مەینەتی عێراقیەکان بێ و کوردیش لە هەموو قۆناغەکاندا پشکی شێری لە مەینەتیەکان بەرکەوتبێ، دەبێ حزب و لایەنەکانی کوردستان کەڵک لە مێژوو وەربگرن و زیاتر لە هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و زیاتر بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان رابن.
کورد لە عێراقی یەکپارچەدا جگە لە کارەسات و وەیشوومەی نەتەوەیی شتێکی تری دەست نەکەوتووە و لەمەولاش دەستی ناکەوێت، ئەگەر کۆدەنگ و یەکهڵوێست نەبێ و وەک ئەو چەند ساڵە پەرتەوازە بێ و بە چاوی حزبی ببینێ و بە زمانی حزبی بدوێ، لە عێراقی دابەش کراویشدا جگە لە دووبارە بوونەوەی کارەسات و وەیشوومەکان شتێکی تر نابینێت، رووداوەکانی ئەو چوار ساڵەی داهاتووش پەردە لەسەر ئەو راستییە مێژووییە لادەدەن کە ئەوەی بەسەرمان هات خۆمان هەل رەخسێن بووین، بۆیە پێویستە لایەنەکان ئاوڕێک لەو چوار ساڵەی رابردوو بدەنەوە و بزانن بە مەرایی کردن بۆ عەرەب و پشتیوانی لە عێراقی یەکپارچە و سەنگەر گرتن لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و جیا بوونەوە لە عێراق، چ خزمەتێکیان بە شۆڤێنیەتی عەرەب کردووە و چ زیانێکیشیان لە بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان داوە، لێرەوە دەبێ لایەنەکان وردتر بۆ داهاتوو بڕوانن و بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی وەڵامی پرسیارەکانی دابەشبوونی عێراق بدەنەوە.
Top