کەی لە بارزانی دەگەن؟

کەی لە بارزانی دەگەن؟

لێرەوە گرفت و کێشەکانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد سەرهەڵدەدەن، سەرۆک بارزانی بە زمانی کوردایەتی دەدوێ و حزبییەکان تێدەگەن و نایانەوێ تێبگەن، بەزمانی سەربەخۆیی کوردستان دەدوێ و عێراقچییەکان تێدەگەن و نایانەوێ تێبگەن، بە چاوی مێژوو دەڕوانێ و داهاتووی دوور دەبینێ، بێ مێژووەکان ئەو دووربینیەی سەرۆک بارزانی لەسەر بەرژەوەندی رۆژانەی خۆیان بە مەترسی دەزانن.
سەرۆک بارزانی دەیفەرموو: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بە ئازادی ژیان و رەواندنەوەی مۆتەکەی ژێردەستییە، ئەوان دەیانگوت: ئەوە تورکیایە ریفراندۆم بە پارتی دەکات، کەچی لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەی ریفراندۆم تورکیاش هاوشێوەی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە دژی ریفراندۆم هاتە سەرخەت.
سەرۆک بارزانی دەیفەرموو: کێشەی کورد کێشەی چەوسانەوە و نەبووی سەربەخۆیی نەتەوەیەکە، لە وەڵامی تویتەکەی ترامیش ئەوەی دووبارە کردەوە و فەرمووی: خوێنی کورد زۆر لە پارە و چەک بەهادار ترە، ئەوان دەیانگوت: مووچەمان دەوێ و ئازادیمان ناوێ.
کاتێک کوردانی رۆژئاوا بێ پشتوپەنا مانەوە، زۆر لە چاودێرە سیاسیە گوماناویەکان و رۆشنبیرە شاراوەکانی ئەم حزب و ئەو حزب پێیانوابوو سەرۆک بارزانی تۆڵەی ئەو شەڕ فرۆشتنەی پەکەکە دەکاتەوە و بێدەنگی هەڵدەبژێرێ، بەڵام ئەوەی لە رۆژئاوا روویدا زۆر لە گرفت و کێشەی ئەم حزب و ئەو حزب گەورەترە و گرفت و کێشەی کۆی کوردە، کوردبوون و کوردایەتیش لای سەرۆک بارزانی هیچ جێگرەوەکیان نییە و لە کوێ کورد تووشی گرفت و کێشە ببێ و مەترسی بکەوێتە سەر پرسی کورد و دۆزە رەواکەی، سروشتی سیاسی و بۆماوەیی نەتەوەیی سەرۆک بارزانی وایە بەدەنگدێ.
ئاخر کەی تێدەگەن؟ ئەگەر بتانەوێ بە حزبیبوون و حزبایەتی رکابەری کوردبوون و کوردایەتی سەرۆک بارزانی بکەن زۆر هەڵەن و دەبێ چاوەڕوانی زۆر شکستی تریش بن کە حزبیبوون و حزبایەتی بەسەری هێناون، بۆیە تاکە رێگە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی مێژوو و ئێستا و داهاتوو تێگەیشتنە لە سەرۆک بارزانی، کاتێکیش لە سەرۆک بارزانی دەگەن کە کوردبوون و کوردایەتی پێش حزبیبوون و حزبایەتی بخەن.
Top