چی لە پشت ناردنی محەمەدی هەڵقرچاو هەیە بۆ فەرەنسا

چی لە پشت ناردنی محەمەدی هەڵقرچاو هەیە بۆ فەرەنسا

مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد پڕیەتی لە تراژیدیا و تاوانکاری هاوشێوەی ئەو تاوانەی لەگەڵ محەمەدی هەڵقرچاو کرا و نکولی کردنی تاوانکاران و هەڵقرچێنەرانی کورد لەو تاوانانە، بۆیە محەمەدی هەڵقرچاو یەکەم کورد نییە کە جەستەی بە چەکی قەدەغە کراو هەڵدەقرچێ و دوا کوردیش نابێ، پەرۆشی سەرۆک بارزانی بۆ محەمەدی هەڵقرچاو و بڕیاری ناردنی بۆ فەرەنسا دوو دیوی هەیە، دیوی یەکەم مرۆڤبوون و کوردپەروەری و کوردایەتی کردنە، دیوی دووەمیش لایەنی سیاسییە و پیشاندانی دڵڕەقی داگیرکاران و بەکارهێنانی چەکی قەدەغە کراوە بەرامبەر بە گەلێک کە جگە لە بە ئازادی ژیان داوای هیچ شتێکی تری نەکردووە.
بە درێژایی مێژوو تورک و فارس و عەرەب تاوانکار و کورد تاوان لەگەڵ کراو بووە، بێدەنگی موفتیزادەکانی ئیسلام و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بیانووی بێئاگایی لەو تاوانگەلەی لە رابردوو و ئێستا بەرامبەر بە کورد کراوە و لە داهاتووشدا ئەگەری چەندبارە بوونەوەیان هەیە، هیچی کەمتر نییە لە تاوانانەی تورک و فارس و عەرەب بەرامبەر بە کورد کردوویانە، بۆیە ئەو هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی و ناردنی محەمەدی هەڵقرچاو بۆ وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک فەرەنسا و دیاری کردنی جۆری چەکی بەکارهاتوو، هەموو ئەو بیانووانەی موفتیزادەکانی وڵاتانی ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبڕێ لەوەی کە بڵێن: بەڵگە نییە کە چوار داگیرکاری موسڵمان بە پلان نەخشەی پێشوەختە بۆ قڕکردنی نەتەوەیەک دەکێشن، بەوەش هەم وڵاتانی ئیسلامی و موفتیزادەکانی و هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەمیش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەونە بەردەم دوو بژاردە و بژاردەی سێیەمیان نییە.
بژاردەی یەکەم:ــ دەبێ ئەو بێدەنگیە بشکێنن و بێنەوە هۆش و سنوورێک بۆ ئەو تاوان و تراژیدیانە دابێنن کە تورک و فارس و عەرەب بەرامبەر بە کورد دەیکەن.
بژاردەی دووەم:ــ ئەگەر نەیەنەوە هۆش و هەروا بێدەنگ بن، دەبێ وڵاتانی ئیسلامی و موفتیزادەکانی ددان بەوەدا بنێن کە ئەوەی بەسەر کورد هێنراوە و دەهێنرێ ئەرکێکی دینییە و لێ بەردەوام بن,
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەستبەرداری موزایەدەی مافی مرۆڤ و هەرای ئازادی و دیموکراتی ببێ، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناوی خۆیان بگۆڕن بۆ رێکخراوی نەتەوە کوردکوژەکان.
Top