پێش بایکۆتی کاڵای تورکی، پێویستە بایکۆتی کوردایەتی بشکێنین و بایکۆتی خیانەت و وڵاتفرۆشی بکەین
October 22, 2019
وتار و بیروڕا
ئەوانەی لە کاتی پەلاماردانی عەفرین موزایەدەی چوونە عەفرینیان دەکرد، لە ١٦ی ئۆکتۆبەر چووبوونەوە قاوغی بێ هەڵوێستی و وەک هاوڕایی لەگەڵ وڵاتفرۆشان حەسرەتیان بۆ دادگایی کردنی بەرگریکاران لە کوردستان و رەوتی سەربەخۆخوازان هەڵدەکێشا، ئێستا داوای بایکۆتی کاڵای تورکی دەکەن.
پێش هەموو شتێک من کوردم و بە کوردایەتیش نەبێ ناتوانین کوردبوونی خۆمان بپارێزین، تورک و فارس و عەرەبیش لەژێر هەر بەرگێکدا بن و هەڵگری هەر ئایدیایەک بن داگیرکاری کوردستان و دوژمنی کوردن، ئەوەی ئەمڕۆ تورک بەسەرمان دێنێ دووبارە کردنەوەی دوێنێیە و فارس و عەرەبیش دوێنێ بەسەریان هێناوین و ئەگەر دەستیان بڕوا سبیەش دووبارەی دەکەنەوە.
دەبێ هەموومان ئەو راستییە بزانین بایکۆتی کاڵای تورکی یان فارسی و عەرەبی ئەو چەکە کاریگەرە نییە بتوانین وەڵامی ئەو دوژمنکاریە مێژووییەی تورک و فارس و عەرەبی پێ بدەینەوە، گرنگترین و کاریگەرترین چەک کە بتوانین وەڵامی ئەو دوژمنکاریەی پێ بدەینەوە، شکاندنی بایکۆتی کوردایەتی و بایکۆتی کردنی خیانەت و وڵاتفرۆشییە و بەس، بۆیە پێویستە بایکۆت کردنی کاڵای تورکی فارسی و عەرەبی لە شکاندنی بایکۆتی سەر کوردایەتی و بایکۆت کردنی خیانەتەوە دەست پێبکەین.