شازدەی ئۆکتۆبەر لە نێوان دەستکەوت و خیانەتدا

شازدەی ئۆکتۆبەر لە نێوان دەستکەوت و خیانەتدا

دوو ساڵی رەبەقە یەکێتی لەسەر هەموو ئاستەکان خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بە کورد و کەرکوکیەکان دەفرۆشێ و بە شانازییەوە دەڵێن: لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کەرکوکمان پاراست و نەمانهێشت بە دەردی عەفرین بچێ، بۆ ئەو مەبەستەش هەر یەکەو بە ئاوازێک باسی ئەو دەستکەوتەیان دەکرد.
پاڤێڵ تاڵەبانی دەیگوت: بۆ رێککەوتن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لە کۆی پەنجا ئەندامی سەرکردایەتی واژۆی ٣٨ ئەندامم لایە.
لاهور شێخ جەنگی دەیگوت: هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ سوپا و حەشدی شەعبی نەبووە.
ئاڵا تاڵەبانی دەیگوت: کورکوک ئازاد کراو گەڕایەوە باوەشی نیشتیمان.
وەک هیچ رووی نەدابێ ئاسۆ مامەند ناوە ناوە دەیگوت: کەرکوک ئارامە.
ئەوانە و زۆر بەرپرسی تر شانازییان بە ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک عێراقچێتی خۆیانەوە دەکرد، هەندێکیش لە بەرپرسەکان بێدەنگیان هەڵبژاردلوو، لە بەرامبەر ئەو شانازی و بێدەنگیەدا کاک کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و کاک مەلا بەختیار سکرتێری کارگێری مەکتەبی سیاسی ئەو گرووپەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان بە کاڵفام و هەرزەی سیاسی و خیانەتکار ناو بردن.
ئێستا و دوای دوو ساڵ گوتنەکانیان پێچەوانە بوونەوە و دەڵێن: ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوو، پارتی و مەسعود بارزانی ئەو خیانەتەیان کرد و کەرکوکیان بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی فرۆشت، کورت و کرمانجی: لەلای ئەو کەسانەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە دەستکەوت دەزانن کە هەرگیز دەستکەوت نییە و خیانەتێکی بێ وێنەیە، ئەو گرووپە دەڵێن: ئێمە خاوەنی ئەو دەستکەوتە گەورە و مێژووییەین، لەلای ئەو کەسانەش کە بە خیانەتی دەزانن دەڵێن: ئەو پارتی و مەسعود بارزانی بوون ئەو خیانەتیان کرد.
Top