١٦ی ئۆکتۆبەر گەورەترین خیانەت و رەشترین مێژوو

١٦ی ئۆکتۆبەر گەورەترین خیانەت و رەشترین مێژوو

ئەگەر لە رووی هەستیاری قۆناغەکە و بەگژدا چوونەوەی دەنگ و بڕیاری خەڵکی سەربەخۆخواز و رەتکەرەوانی ژێردەستەییدا بۆ گەورەیی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بڕوانین، ئەوجار تێدەگەین قەبارەی ئەو خیانەتە چەند گەورەیە و چ مێژوویەکی رەشە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا، تەنانەت گەورەیی خیانەتەکە بە شێوەیەک بوو هەموو کوردی تووشی شۆک کرد بە کۆمەڵێک سەرکردەی بڕیار بەدەستی ناو حزبەکەی خۆشیان.
لە رووی هەستیاری قۆناغەکە کوردانی هەر چوار پارچە و هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئازادیخوازانی جیهان بە تایبەتی چاویان لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم بوو، چونکە تا ئەوکاتەش کوردە عێراقچیەکان بە وەکالەتی هەممو کورد بانگەشەی عێراقێکی یەکگرتوویان دەکرد و عێراقیبوونیان کردبوو بە دوا ئامانجی خۆیان، بەڵام لە ریفراندۆمدا %٩٣ی دەنگدەری کورد عێراقیبوونیان رەتکردەوە و سەربەخۆیی و کوردستانیبوونیان هەڵبژارد، بەوەش بە دۆست و دوژمن گوترا کە کورد عێراقیبوون و ژێردەستەیی رەتدەکاتەوە و خەبات و قوربانیدانی رابردووی لە پێناو کوردستانیبوون و بە ئازادی ژیان بووە.
لە رووی بەگژدا چوونەوەی دەنگ و بڕیاری خەڵکی سەربەخۆخوازیش، ئەو گرووپە بێ گوێدانە ئیرادەی نەتەوەیی و دەرچوون لە خواستی سەربەخۆیی و رزگار بوون لە ژێردەستەیی، لە سەنگەری داگیرکارانی کوردستانەوە شانازیان بەو خیانەتە گەورەیەوە دەکرد و، خۆیان وەک وڵاتپارێز ناو دەبرد و بەبەر چاویشیانەوە ئاڵای کوردستان دەخرایە ژێرپێ و لە یەکەم لێدوانیشدا زمانی کوردیان یاساغ کرد.
خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەڵەیەکی سیاسی و خیانەتێکی رێکەوت نەبوو، ماوەیەک پێش ئەنجامدانی خیانەتەکە بە بەرنامەی پێشوەختە ئامادەکاری بۆ دەکرا، یەکێک لە ئامادەکاریەکان ئەوەبوو بانگەشەیان بۆ ریفراندۆم دەکرد و ژێر بە ژێریش ئامادەسازیان بۆ فرۆشتنی کەرکوک و تەواوی شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان دەکرد، ئەوەش لە گواستنەوەی هەواڵەکان و خۆشحاڵیان بە سەرکەوتنەکانی حەشدی شەعبی و پێشڕەویەکانیان بە ئامانجی داگیرکردنەوەی هەولێر رەنگی دابووەوە، کاتێکیش لە پردێ و سحێلا تێکشکێنران بێ گوێدانە گریان و ئاوارەبوونی کەرکوکیەکان، بە پەرۆشەوە لە شکستەکانی حەشدی شەعبییان دەڕوانی و وەک ئەوەی کەرکوکیەکان و دیلەکانی پێشمەرگە خەڵات کرابن، دەیانگوت: پارتی مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ دیلەکانی حەشدی شەعبی دەکات.
لە هەموو ئامادەکاریەکان بۆ ئەو خیانەتە گرنگتر دەنگدان و بە یاسایی کردنی حەشدی شەعبی بوو، لەو ئامادەکاریەدا بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و بە تایبەتیش پەرلەمانتارانی سەر بە گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بۆ بە یاسایی کردنی حەشدی شەعبی لە شیعەکان دڵ گەرمتر و بە پەلەتر بوون.
ئەگەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەبووایە ئەو بەرگریەی لە پردێ و سحێلا کرا، لە کەرکوک و دەوروبەری بکرابایە هەموو رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پێچەوانە دەبوونەوە، بە پێچەوانە بوونەوەی ئەو رووداوانەش باشووری کوردستان بە دوا ئامانج دەگەیشت و دەبووە دەروازەش بە رووی خەباتی رزگاریخوازی بەشەکانی تری کوردستان و گەیشتنیان بە دوا ئامانج.
ئەو خیانەتە جیا لەوەی خەونی سەربەخۆیی کوردی بۆ ماوەیەک لەبار برد و بۆ کاتێکی نادیار تەمەنی داگیرکاری و کوشتوبڕی خەڵکی کوردستانیشی درێژ کردەوە، چەندین لێکەوتەشی لە دوای خۆی بەجێهێشتوون کە بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی ئەو لێکەوتانە قوربانیدانێکی زۆری دەوێ.
لێکەوتەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر
لێکەوتەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی تری خستۆتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە، ئەوەتا هەر خۆیان ئەو مەترسییە ناشارنەوە و ددان بەوەدا دەنێن کە هەموو شتێکیان لە کەرکوک دۆڕاندووە و لە هەمەکارەیی کەرکوکەوە، ئێستا چاو لە دووی مەرحەمەت و بەزەیی حەشدی شەعبی و پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوکن
١ــ دەرکردنی کورد و هێنانەوەی عەرەب و خۆیان گوتەنی: کارا کردنەوەی پرۆسەی تەعریب خراپتر لە سەردەمی رژێمی بەعس و سەددام حوسێن.
٢ــ گێڕانەوەی هەیمەنە و دەسەڵاتی عرووبە و زەلیل کردنی کورد و شکاندنی شکۆی کوردایەتی.
٣ــ بەدەم گریانی گەنج و پیر و ژن و منداڵ کورد، خەندەیان خستنە سەر لێوی حەشدی شەعبی و عەرەبە شۆڤێنیەکان، لەگەڵ ئەوەشدا وەک بانگەشە بۆ سۆز و بەزەیی حەشدی شەعبی و کوردپارێزی ئەو میلیشیایە، بانەگەشەی ئارامی و رزگارکردن و گێڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی نیشتیمان دەکرا.
٤ــ سوکایەتی کردن بە رەمزە نەتەوەییەکانی وەک شەهید و ژێرپێ خستنی ئاڵای کوردستان.
٥ــ هەموو پۆستە ئیداریەکان لەدەست کورد دەرهێنراون و لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە بەرێوە دەبرێن، تەنانەت ئەو بارەگا حزبییانەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بە زەلیلی لە کەرکوک ماونەوە حەشدی شەعبی دەیانپارێزێ.
٦ــ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاریگەری لەسەر ماددەی ١٤٠و کۆی هەڵبژاردنەکانی داهاتووش دەبێ, ئەوەتا خۆیان دەڵێن: هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان کورد لە کەرکوک زەرەرمەند دەکات، لە کاتێکدا خۆیان دەنگیان بە یاساکە داوە.
ئەوەی جێگای پرسیار و سەرسووڕمانە ئەو گرووپە خیانەتکارە کە بە ژانی خیانەت لە دایک بوون و بە شیری خیانەت فرچک دراون و بە لایەلایەی عێراقچی و وڵاتفرۆشی گۆش کراون، وەک پاساو هێناوە و رەواییدان بە خیانەتەکەیان دەڵێن: ١٦ی ئۆکتۆبەر دەرهاویشتەی ریفراندۆم بوو، لە کاتێکدا ریفراندۆم مافێکی رەوایە و %٩٣ی خەڵکی کوردستانیش دەنگیان بە بەڵێ پێدا، کەواتە ئەو خیانەتە خیانەت بوو بەو مافە رەوایە و دەنگ و بڕیار و خواستی سەربەخۆیی کوردستان و بە ئازادی ژیان.
Top