بەڕاست کورد جولەکەیە؟!

بەڕاست کورد جولەکەیە؟!
هەرکاتێک کورد باسی بوونی خۆی وەک نەتەوە و داوای مافی خۆی بکات، تورک و فارس و عەرەب دەیجولەکێنن و بۆ لەناوبردنی هەموو کێشە مێژووییەکانی نێوانیان بەلاوە دێنێن و دەچنەوە پاڵ یەک، لە مزگەوتەکان و لەسەر زاری مەلا و زانا و موفتیەکانیان فتوای لەناوبردنی دەدەن.
تورک و فارس و عەرەبی شیعە و سوننە سەرباری ئەو دوژمنکاریە خوێناوی و سەدان ساڵەی نێوانیان، لە ئاست پرسی کورد و زەوتکردنی وڵاتەکەی زەواجی سیاسی بە حوسەینی و مزگەوتەکانیان دەکەن و بە ئایەتی قورئانی و هاوشێوەی جەنگەکانی (بەدر و ئحود) فتوای کۆمەڵکوژ کردنی دەدەن، ئەوە (ئەنفال)ی کورد لەسەردەمی سەددام حوسێنی عەرەبی سوننی و ئەوە (نەسر)ی خومەینی فارسی شیعی و ئەوەش (فەتح)ی ئەردۆغانی تورکی سوننی.
ئەوان واتا تورک و فارس و عەرەب کورد بە جولەکە دەزانن و لەناوبردنیشی بە غەزا و ئەرکێکی دینی دەزانن، تاکە جیاوازییەک کە هەبێ جولەکە بە ژیری و یەکگرتوویی خۆیان بەرپەرچی هەڕەشە و مەترسییە هەمەجیەکانی تورک و فارس و عەرەبیان داوەتەوە و توانویانە خۆیان بپارێزن، ئێمەی کورد بە هۆی نەزانی و بە برا کردنی دینی ئەو توژمنانە نەمانتوانیوە ئەوە بکەین کە جولەکە کردوویەتی.
ئەرکی کورد لە هەموو قۆناغەکاندا و بە تایبەتیش لەو قۆناغە هەستیارەی ئێستا ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێ کوردایەتی کردنە و بەس، دەبێ ئێمەی کوردیش وەک تورک و فارس و عەرەب لە دین و نەتەوە بڕوانین، تورک دین بەکاردێنێ و خزمەتی ترووکە و تورکایەتی خۆی پێدەکات، فارس دین بەکار دێنێ و خزمەتی فرووسە و فارسایەتی خۆی پێدەکات، عەرەبیش دین بەکار دێنێ و خزمەتی عرووبە و عەرەبایەتی خۆی پێدەکات.
من ناڵێم کوردیش وەک ئەوان دین بەکار بێنێ، بەڵام دەڵێم: بەسە و با کوردایەتی خۆمان و دینداریش بکەین، بەڵام با چیتر نەکەوینە تەپکە و داوی بانگەشەی درۆیینی برایەتی دینی ئەو برا دینیانە، بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە و رووداوەکانی ئێستا و مێژووش پێمان دەڵێن: برایەتی هاوزمانی و هاونیشتیمانی و هاونەتەوەیی و هاوچارەنووسی خۆمان درووست بکەین و ئەو برایەتیە بیکەینە وەڵامی ئەو برا دینیە درۆیینەی ئەوان، کە چەندین ساڵە ئێمەی پێ دەکوژن و وڵاتمانی پێ کاول دەکەن.
ئەگەر بە هیچ لە دوژمنکاری ئەو برا دینیانە نەگەین و کەڵکیش لە مێژوو وەرنەگرین کە بە داخەوە کەڵکمان لێ وەرنەگرتووە، با لە مەحمود عەباسی سەرۆکی فەلەستینەوە بە بیر کردنەوەی چەوتی خۆماندا بچینەوە، ئایا دەبینن کاتێک فەلەستینییەک دەکوژرا لە مزگەوت و لە شەقام و تەنانەت لە کاتی نان خواردنیش دەستمان دەکرد بە شیوەن و قوڕپێوان؟ بەڵام مەحمود عەباسی سەرۆکی فەلەستینیەکان پشتیوانی خۆی بۆ تورک و ئەردۆغان و کۆمەڵکوژیەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەربڕی، ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە بە ئەقڵی سەقەت و بیری چەوتی سیاسی خۆماندا بچینەوە و زێوەرئاسای شاعیر بڵێین:
ئەی کوردینە ئەی مەردینە
با دەست لەناو دەست کەین هەموو
بۆ بەرزێتی خاکی وەتەن
بۆ یەکێتی بچین هەموو
کوردین هەموو بژین هەموو
Top