لە وەستا رەسوڵەوە بۆ شەڕڤانانی هەسەدە

لە وەستا رەسوڵەوە بۆ شەڕڤانانی هەسەدە
وەک جەنەڕاڵێکی سەربازی و پسپۆڕ لە شەڕی نابەرمبەر و شارەزا لە هەڵاتن، پێتان رادەگەیەنم چۆن ئێمە لە پاشەکشەیەکی تاکتیکیدا کەرکوکێکی ئارام و ئاوەدان و سەقامگیرمان بەجێهێشت، ئێوەش بە پاشەکشە کردن شار و شارۆچکەکەنتان لە وێرانی و خەڵکیش لە کوشتن بپارێزن.
دەزانم هێزەکانی ئێوە و هێزەکانی تورکیا دەیان جار لە هێزەکانی ئێمە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای لەرزۆکی عێراق نابەرامبەر ترن، لە رووی چەک و جبەخانەشەوە بەراورد ناکرێن و ئاسمان و رێسمانیان بەینە، تورکیا ئەندامی ناتۆیە و دووەم هێزی ناتۆی هەیە، ئەوە جگە لە میلیشیا تیرۆریستەکانی دیوی دوومی داعش و سەر بە تورکیا.
دەزانم ئێوە ئەزموونی جەنگی نابەرامبەر و هونەری تاکتیکی پاشەکشەتان کەمە، بۆیە وەک هەست کردن بە پەرپرسیارێتی و پەرۆشیم بۆ کوردانی رۆژئاوا، داواتان لێ دەکەم هەوڵبدەن پۆستی پارێزگاری (حەسەکە) بخەنە گیرفانتان و دواتر بە هونەرێکی رێکوپێک پاشەکشە بکەن.
ئێوە بەس سەیرکەن و ببینن، ئێمە بەو پاشەکشە مێژووییە چۆن کەرکوکێکی ئارام و بێ کێشەمان بەجێهێشتووە، ئێستا کورد و عەرەب و تورکمان وەک برا و بێ کێشە دەژین، بە تایبەت کوردەکان لەژێر چاودێری راکان جبوری کەس ناوێرێ پێان بڵێ: پشتی چاوتان دوو برۆیە.
Top