سەرۆک بارزانی: کاتی وەگەڕخستنی هەوڵەکانە بۆ کۆتاهێنانی ئەم شەڕە

سەرۆک بارزانی: کاتی وەگەڕخستنی هەوڵەکانە بۆ کۆتاهێنانی ئەم شەڕە

بە پێی هەموو بەڵگە مێژووییەکان و هەڵوێستی دوژمنکارانەی داگیرکارانی کوردستان، پرسی کورد لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا پرسی کوردبوون و داگیرکردنی کوردستان و پێشێلکردنی مافە رەواکانی کوردە، پرسی کۆمەڵکوژی و لەناوبردن و هێشتنەوەی کوردە بە ژێردەستەیی و، دەبێ بە هەڵوێستی کوردانە و کوردایەتی کردن رووبەڕوویان ببینەوە، سەرۆک بارزانی گوتەنی نەک بە موزایەدەی بێهودە و بۆچوونی عاتفی و هەڵچوون.
جا ئەگەر پرسی کورد، پرسی کوردبوون و لەناوبردنی کورد بێ، دەبێ مەترسییەکانی سەر هەولێر و سنە و دیاربەکر و قامیشۆ بە مەترسی سەر کۆی کورد و کوردبوون بزانین و، وەک کوردیش لە بەرامبەریاندا هەڵوێست وەربگرین، نەک وەک ئەوەی لە رابردوو شرۆڤەی حزبی بۆ رووداو و گۆڕانکاریەکان دەکرا و، لە چرای بەرژەوەندی کەسی و حزبی دەدران و بە پێی بەرژەوەندیە کەسی و حزبییەکانیش هەڵوێستیان لە بەرامبەر وەردەگیرا.
ئەگەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هەڵوێستی کوردانە لەسەر کەرکوک و لە هەمبەر پیلانگێڕیەکانی تورکیا و ئێران و عێراق وەرگیرابا، ئێستا تورکیا هەرگیز جورئەتی ئەوەی نەدەکرد پەلاماری رۆژئاوای کوردستان بدات، بەڵام زۆرێک لەو لایەنانەی ئێستا موزایەدەی حزبی بە پەلاماردانی سەر رۆژئاوای کوردستانەوە دەکەن، لە بەرامبەر کەرکوک یان هاوکار و هەماهەنگی پیلانگێڕیەکەی تورکیا و ئێران و عێراق بوون، یان بێدەنگ بوون و کورد گوتەنی مێشیان میوان نەبوو، ئەوەش بە راگەیاندنەکانی ئەو لایەنانەوە دیار بوو کاتێ بانگەشەیان بۆ ئارامی کەرکوک دەکرد و نوقڵانەی نزیک بوونەوەی سوپای داگیرکاریان لە هەولێر و داگیرکردنەوەی دەبەشیەوە.
دەبێ حزب و لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەو راستییە بزانن، کە ئامانجی داگیرکارانی کوردستان لەناوبردنی کوردە و جیاوازی لە نێوان سەربەخۆخوازان و بێ هەڵوێست و خیانەتکاران ناکات، تاکە جیاوازییەک کە بیکات تەنها ئەوەیە: کە کوشتنی سەربەخۆخوازان پێش کوشتنی بێ هەڵوێست و خیانەتکاران دەخات، جیاوازییەکی تری مەرگی سەربەخۆخوازان و خیاتەکار و بێ هەڵوێستەکان ئەوەیە: کە سەربەخۆخوازان بە سەربەرزی دەژین و بە سەربەرزیش دەمرن، خیانەتکار و بێ هەڵوێستانیش بە سەرشۆڕی دەژین و بە سەرشۆڕیش دەمرن، بۆیە دەبێ هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە خۆیاندا بچنەوە و لەگەڵ هەر هەنگاوێک بۆ داهاتوو، ئاوڕێک لە مێژووی تاوانکاری دوژمنان و کوردکوژیەکانی رابردوو بدەنەوە.
Top