با چاو لە دوژمنان بکەین
October 11, 2019
وتار و بیروڕا
هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان بە عەلمانی و شۆڤێنیانەوە، بە مارکسی و ئیسلامیانەوە بۆ داگیرکردنی کوردستان و کوردکوژی دەچنەوە پاڵ یەک، هەر کاتێ پێویست بکات مارکسی و ئیسلامیەکانیان رووە و (مەککە) نوێژی کورد کوشتن دادەبەستن، دوایی هەڵدەسوڕێن و درووشمی (کرێکارانی جیهان یەکگرن) دەگۆڕن و دەڵێن: ئەی دوژمنانی کورد بۆ کوردکوژی یەکگرن.
جا ئەگەر ئەوە راو هەڵوێستی داگیرکارانی کوردستان بێ بەرامبەر بە کورد و دۆزە رەواکەی، دەبێ حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانیش بە خۆیاندا بچنەوە و ئەو راستییە بزانن، کە دەرمانی ئازارە نەتەوەییەکانی کورد، نە بە درووشمی برایەتی گەلانی پەکەکە و پرۆژەی بە دیموکراتی کردنی رۆژهەڵات دەست دەکەوێ، نە درووشمی برای موسڵمانی ئیسلامییەکان لەو ئازارە کەم دەکاتەوە، نە حزبە بەرژەوەندخوازە عڕاقچی و ئێرانچی و تورکیاچی و سوریاچیەکانیش دەتوانن ئەو داگیرکارانە فێری بە یەکەوەژیان بکەن.
دەبێ حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەو راستییە باش بزانن کە هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان لەبەر کوردبوون کورد دەکوژن، نەک لەبەر ئەوەی هەڵگری چ بیروبۆچوونێکی سیاسی و شوێنکەوتەی چ ئایدیایەکە، بۆیە پێویستە بە خۆیاندا بچنەوە و چیتر بەو درووشمە باق و بریق و هەزەلیانە کورد تووشی باجدانی زیاتر نەکەن و تەمەنی داگیرکاری دوژمنان درێژ نەکەنەوە، چونکە تاکە دەوا و دەرمان کە بتوانێ ئازارە نەتەوەییەکانی کورد بشکێنێ کوردایەتی کردن و بەدیهێنانی مافی سەربەخۆییە و بەس.