سەرۆک بارزانی: خوێنی کورد زۆر لە پارە و چەک بەهادارترە
October 9, 2019
وتار و بیروڕا
دوای بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوە لە رۆژئاوای کوردستان و ئامادەکاری تورکیا بۆ هێرش کردن و کۆمەڵکوژی کورد لەو بەشە داگیرکراوەی کوردستان، سەرۆک بارزانی هەر وەک لە تەنگانە و ئەوکاتانەی مەترسی دەکەوێتە سەر کورد و پرسە رەواکەی هاتۆتە دەنگ، ئەگەرچی لە رابردوودا زۆر هەوڵیدا (پەیەدە) لەو هەڵانە بگێڕێتەوە کە ئەو مەترسییەی ئەمڕۆی لەسەر پرسی کورد درووست کردووە، بەداخەوە ئەوان گرنگیان بە پێشبینی و ئامۆژگاری و رێنماییەکانی سەرۆک نەدا و سووربوون لەسەر سەرەڕۆیی و تاکڕەوی خۆیان، بەڵام ئێستا کە نیشانەکانی ئەو مەترسییەی سەرۆک بارزانی پێشبینی دەکردن دەرکەوتوون، کورد دەڵێ: خەنجەری چاک خۆی لە کالاندا راناگرێ، سەرۆک بارزانیش هەم وەک کوڕی بارزانی نەمر و هەمیش وەک رابەری کوردایەتی و هەڵگری پەیامی سەربەخۆیی کوردستاتن، لە هەر شوێن و جێگەیەک مەترسی بکەوێتە سەر کورد وەک پیشەی سیاسی و بۆماوەیی کوردایەتی ناچارە لەو شوێن و جێگەیە ئامادەبێ.
ترەپ لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لەسەر جێهێشتن و پشت کردن لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە ناوخۆی ئەمەریکا و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان لێی دەگیران، لە راگەیاندراوێکی بێ بەهادا گوتی: کوردەکان بۆ پارە و چەک شەڕیان کردووە و پارە و چەکی زیادیشمان پێداون، سەرۆک بارزانی لە وەڵامی راگەیەندراوە بێ بەهاکەی ترەمپدا، لە پەیامێکی بەهادارد فەرمووی: خوێنی کورد زۆر لە پارە و چەک باهادارترە.
سەرۆک بارزانی جیا لەوەی لە پەیامەکەیدا روووی لە ترەمپە، لە هەمان کاتدا رووی لە داگیرکارانی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیشە و دەبێ هەم داگیرکارانی کوردستان و هەمیش حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە گرنگی لە پەیامەکەی بڕوانن، گرنگی پەیامەکە بۆ ترەمپ لەوەدایە خوێن و بازرگانی و پارە و چەک لە یەکتری جیا بکاتەوە و لەوە بگات، کە پرسی کورد پرسی چەوسانەوە و کۆمەڵکوژی گەلێکی ژێردەستەیە و دەبێ لە پرسی بازرگانی و پارە جیا بکرێتەوە، بۆ داگیرکارانی کوردستانیش گرنگیەکەی لەوەدایە کە چارسەری پرسی کورد بە خوێن رشتن و کۆمەڵکوژی ناکرێ و ناتوانن بەو رێڕەوە توندوتیژیە تا سەر مەرامە داگیرکاریەکانیان بێننەدی، بۆ حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش نامەیەکە و دەبێ بە لەبەر چاوگرتنی ئامانجی نەتەوەیی و دوور لە سەرەڕۆیی و تاکڕەوی حزبی لێی بڕوانن.
بەڕای من گرنگ نییە ترەمپ و داگیرکارانی کوردستان چۆن لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەڕوانن، چونکە ترەمپ رووداوەکان و خوێن و کۆمەڵکوژی کورد، یان هەر نەتەوەیەکی تر بە بێژینگی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا دەکات، داگیرکارانی کوردستانیش سەدان ساڵە لەسەر خوێن رشتن و کۆمەڵکوژی کوردان راهاتوون و ناتوانن دەستبەرداری ببن، ئەوەی گرنگە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان خوێندنەوەی نەتەوەییانە بۆ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بکەن، چونکە ئەوە کۆدەنگی و یەک هەڵوێستی نەتەوەییە ترەمپ ناچار دەکات پرسی کورد وەک پرسی نەتەوەیەکی ژێردەستە لە بازنەی پێدانی پارە و چەکدا کورت هەڵنەهێنێ، لە هەمان کاتدا بە دوژمنانیش دەڵێ: تا سەر ناتوانن پرسی کورد لە خواستی شەڕانگێزی و خوێن رێژی خۆتاندا بخەوێنن.