یەکێتی ئەوروپا و سیستەمی (بەغا)ی پەرلەمانی

یەکێتی ئەوروپا و سیستەمی (بەغا)ی پەرلەمانی

کاتێک ئاڵا تاڵەبانی و وشیار عەبدوڵا و ئەحمەدی حاجی رەشید و کۆی هاوبیر و هاوعێراقچیەکانیان باسی سیستەمی (بەغا)ی پەرلەمانی و مۆدیلی تازە داهێنراوی دیموکراتی عێراقیان دەکرد، پیاو حەسرەتی دەخواست لەژێر ئەو سیستەمە پەرلەمانیەی بەغا و ژینگەی ئەو مۆدێلە تازە داهێنراوەی دیموکراتی عێراقدا بژیات، تەنانەت هەر ئەوە مابوو بڵێن: یەکێتی ئەوروپا داوای لێکردووین لوێچێک لەو سیستەمە پەرلەمانیە و مۆدێلە دیموکراتیەی (بەغا)یان بۆ هەناردە بکەین.
بانگەشەی ئەو پەرلەمانتارە خۆفرۆش و عێراقچی و کوردستان هەراجکەرانە لە کاتێکدا بوو، سیستەمی فتوای مەرجەع و فەوزای میلیشیا و تەراتێنی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی عێراقیان بەڕێوە دەبرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگیان بە حەشدی شەعبی دەدا و بۆ کورد کوژی و کوردستان داگیر کردنەوە بە یاساییان دەکرد، بەڵام کاتێ باس دەهاتە سەر مووچە و مافەکانی پێشمەرگە سەریان دەبردەوە ناوگەڵیان.
رووداوەکانی ئێستای ناو عێراق هەموو ئەوانەی بێدەنگ کردووە، نازانن نە بەرگری لە سیستەمە پەرلەمانی و مۆدێلە دیموکراتیەکەی (بەغا) بکەن، یان لە خواست و داواکاری خۆپیشاندەران، رێک بەو پەندە کوردیە گرفتار بوون کە دەڵێ: دارێکیان بەدەستەوەیە هەردوو سەرەکەی پیسن، جا ئەگەر بەرگری لە سیستەمە پەرلەمانی و مۆدێلە دیموکراتیەکە بکەن و خۆپیشاندەران سەربکەون، ئەوا ئەوکات خۆپیشاندەران سەرە پیسەکەی لایەنگری حکومەتیان پێ دەلێسنەوە، خۆ ئەگەر خۆپیشاندەران سەرنەکەون و ئەوان بەرگری لە خواست و داواکاری خۆپیشاندەران بکەن، ئەوکات حکومەت سەرە پیسەکەی لایەنگری خۆپیشاندەرانیان پێ دەلێسێتەوە، کەواتە لە هەردوو بارەکەدا ئەوان دەبێ یەکێک لەو سەرە پیسەی ئەو دارە بلێسنەوە کە رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق لە مستی ناون.
Top