گلەیی لە ئەمەریکا مەکەن، سەرزەنشتی خۆتان بکەن
October 8, 2019
وتار و بیروڕا
ئەوانەی هیچ لە سیاسەت نازانن و خۆیان بە پێشەنگ و پێشڕەوی گەمە سیاسەکانیش دەزانن، دەڵێن: ئەمریکا بێوەفایە و کوردانی رۆژئاوای بە گورگان خواردوو دان، دەبێ پێش هەموو شتێک ئەوانە بزانن کە وەفا لە سیاسەتدا نییە و ئەوەی لە سیاسەتدا هەیە بەرژەوەندییە، ئەمەریکا و هەر وڵاتێکی تر بۆ خۆی سیاسەت دەکا و بە دوای بەرژەوەندیەکانی خۆیدا دەگەڕێ، بۆیە ئەو باجەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەیدات هی بێوەفایی ئەمەریکا نییە، بەڵکو هی سیاسەتی هەڵەی (پەیەدە)یە.
ئەمەریکا بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد هەموو تواناکانی خستنەگەڕ، لەولاشەوە دوژمنی ئێرانە، پەکەکەش بەلای ئەمەریکاوە تیرۆریستە و لە لیستی تیرۆر دایە.
لەگەڵ بوونی ئەو راستییانەش پەیەدە هەر لە سەرەتای درووست بوونی ئاڵۆزیەکانی ناو سوریا، لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەدی داگیرکاری کوردستان و دوژمن بە کورد هیچ کێشەیەکی نەبووە و وەک هاوپەیمانی ئەو رژێمە کوردکوژەش خۆی دەرخستووە و، لە زۆر شوێن و ناوچەش هێزەکانیان تێکەڵاو بوون، وەک باڵێکی پەکەکەش لەگەڵ رژێمی پەت و سێدارەی ئێرانیش کورد گوتەنی بە زارێک دەیانخوارد و بە قونێک دەڕیان، بەبەر چاوی ئەمەریکیەکانیشەوە وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بەرز دەکردەوە، ئەو عەرەبانەی لە سەردەمی (حافز ئەسەد) و بەشاری کوڕی بە مەبەستی تەعریب هێنرابوونە کوردستان، لەناو هێزەکانیدا کرابوونە شەڕڤان، بەڵام رێگری لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی (رۆژ) دەکرد کە هەموویان کورد بوون و دژی رژێمی بەشار ئەسەد و بۆ رزگاری کوردستان خەباتیان دەکرد، تۆ بڵێی ئەمەریکا هێندە گەوج و نەزان بێ و ئەو هەموو هەڵە ستراتیجانەی (پەیەدە)ی نەدیبن؟!
لە باشووری کوردستان و لە دوای ریفراندۆم و سەرەتا و دەستپێکی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریش، وەک ئێستا تاوانی بێوەفایی دەدرایە پاڵ ئەمەریکا، لە کاتێکدا گرووپێکی دیاریکراوی ناو حزبێکی کوردی بوونە چاوساغی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و هێنایاننە ناو کەرکوک، هەر ئەو گرووپە نەیشاردەوە و بەبەر چاوی هەموو دنیاوە گوتیان: لە کۆی پەنجا ئەندامی سەرکردایەتی واژۆی سی و هەشت ئەندام هەیە بۆ رێککەتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و رادەست کردنی کەرکوک پێیان، ئێ خۆت لەگەڵ دوژمن رێکبکەوی و وڵاتی خۆتی پێ بفرۆشی، ئەمەریکا و هەر وڵاتێکی تر چی بکەن؟!
کێشەی کورد لەوەدایە هەندێ دەستە و گرووپ حزبییانە و بە لەبەر چاوگردتنی بەرژەوەندی تایبەتی دوژمنان دیاری دەکەن، بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە کوردانە دوژمنان دیاری بکەین و کوردانەش رووبەڕوویان ببینەوە، ئەگەر بەو پێوەرەش بێ رژێمەکانی تورک و فارس و عەرەب دوژمنی کوردن، بۆیە پێویستە بەر لەوەی گلەیی لەم دۆست و ئەو دۆست، یان ئەم دوژمن و ئەو دوژمن بکەین، دەبێ بە هەڵەکانی خۆماندا بچێتەوە و سەرزەنشتی سیاسەتی هەڵەی هەڵەکارانی خۆمان بکەین.