ئامانج لە تیرۆر کردنی بارزانی نەمر چیبوو؟
September 30, 2019
وتار و بیروڕا
داگیرکارانی کوردستان بە یەک ئاراستە و بەبێ جیاوازی، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی زەبروزەنگ و کۆمەڵکوژی و کاول کردنی کوردستان و کورد گوتەنی: تەڕ و ئیشک بەیەکەوە سوتاندن، بە پێی دەرفەت بۆ رەخسان و زەمینەسازی دەستیان لە تیرۆرکردنی سەرکردە و شۆڕشگێڕانی کورد نەپاراستووە و، هەرکاتێک بۆیان هەڵکەوتبێ پەنایان بۆ تیرۆرکردن بردووە، پەنا بردنیشیان بۆ کردە تیرۆریستیەکان زیاتر لە کاتی دانوستان و گفتوگۆ و ئاشتیدا بووە، هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بارزانی نەمر لە رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ساڵی ١٩٧١ یەکێک لەو هەوڵە تیرۆریستیانە بووە کە رژێمی بەعس ویستی بەناوی گفتوگۆ و ئاشتی خۆی لە رق و کینەی دوژمنکاری خاڵی بکاتەوە، لێرەدا دەپرسین: ئامانج لە تیرۆرکردنی بارزانی نەمر چیبوو؟
دیارە هەوڵی تیرۆر کردنەکە لە کاێکدا بوو کە هێشتا تەنها سالێک و چەند مانگێک بەسەر رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ی نێوان شۆڕشی کورد و رژێمی بەعس تێپەڕیبوو، دوای ئەوەش بوو کە رژێم بۆ لەناوبردنی شۆڕش هەموو رێگاکانی وەک بەکارهێنانی زەبر و زەنگ و کاولکاری و کوشتوبڕی تاقی کردبوونەوە و لە شکست زیاتر هیچی تری دەست نەکەوتبوو، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ کە رژێمی بەعس پێیوابووە بە تیرۆرکردنی بارزانی نەمر کۆی شۆڕش و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان تیرۆر دەکات، هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و ئیرادەی بەرەنگاربوونەوە و خواستی سەربەخۆیی تیرۆر دەکات، ئەو هزر و بیرە نەتەوەیی و نیشتیمانیەش تیرۆر دەکات کە ئەوانی داگیرکار لەسەر سیاسەتی داگیرکاری خۆیان و رزگار بوونی کورد بە مەترسییان دەزانی، جا بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییەی کە شۆڕشی ئەیلول بە رابەرایەتی بارزانی نەمر خستبوویە سەر سیاسەتی داگیرکاری ئەوانی داگیرکار، بە لایانەوە باشترین رێگاچارە پەنا بردن بوو بۆ تیرۆر کردنی بارزانی نەمر، لەوەشدا بە هەڵە نەچووبوون و ئەگەر لە هەوڵەکەیان سەرکەوتوو بوونایە و بارزانی نەمر بەر پیلانی تیرۆر کردنەکەیان کەوتابا، ئەوا بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیان تووشی گەورەترین قەیران دەکرد.