کاتێ بینیم کە محەمەد حەکیمی بانگخوازی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ: (بە خوا شانزەی ئۆکتۆبەر خراپ نەبوو) شۆک بووم و سەرم سوڕما، ماوەیەک لێی ورد بوومەوە و دوایی بە خۆمم گوت: ناکری و نابێ ئەو کابرایە کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی حزبێکی ئیسلامی سوێند بە درۆ بخوا، ئیتر کەوتمە خەیاڵ و بیرکردنەوە، کە سەیری ئەو گوتنەی ناوبراو و لێکەوتەکانی شانزەی ئۆکتۆبەرم دەکرد، دوو شتی لێک جیاوازن و بە سەر سوڕمانەوە دەمگوت: لێکەوتەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر گێڕانەوەی سیاسەتی تەعریب و ژێرپێ خستنی ئاڵا کوردستان و ئاوارە بوونەوەی کوردە، ناکرێ محەمەد حەکیم راست بکات، دواییش دووبارە بە خۆمم دەگوت: ناکرێ ئەو بانگخوازە موسڵمان و لە خوا ترسە سوێند بە خوا بە درۆ بخوات، سەرتان نایەشێنم دوای ماوەیک گفتوگۆ لەگەڵ خۆم خەیاڵ بەری دام و بە خۆمم گوت: با لە خۆمانەوە تۆمەت بۆ خەڵک هەڵنەبەستین و کاک محەمەد حەکیمی بانگخواز راست دەکات، دیارە کاک محەمەد حەکیم لەسەر ئەوە سوێندی خواردووە کە شازدەی ئۆکتۆبەر بۆ عەرەب و عرووبە خراپ نەبووە، ئەشهەدو لەوەیاندا راست دەکا و بۆ عەرەب و عرووبە نەک هەر خراپ نەبوو، بەڵکو زۆریش باش بوو.
خاڵیکی تر کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێ، دیارە ئەمیرەکەی کاک محەمەد حەکیمی لەوە دڵنیا کردۆتەوە کە سوێندی بە درۆ ئەگەر بۆ هێنانەدی مەرامێکی سیاسی بێ هیچ گوناح نییە و فیدیەشی ناکەوێتە سەر، ئەگەرنا ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدا دووجار خراپ بوو، یەکەمیان دژ وەستانەوەی ئیرادەی نەتەوەیەکی بندەست و سەربەخۆخواز بوو، دووەمیشیان لە بەرگی پێشمەرگایەتی و لە سەنگەری بەرگرییەوە بە نهێنی دەستی دوژمن بگری و ولاتی خۆتی پێ بە داگیرکردن بدیەوە، هەر ئەوەیان دووڕوویی پێدەگوترێ و لە فەرهەنگی کاک محەمەد حەکیمیش (مونافیق)ی پێدەگوترێ, جا ئەگەر مونافیقی کارێکی خراپ نەبێ! تێناگەم خراپە چییە و خراپەکاری چۆنە؟.