کێ دژی ریفراندۆم بوو؟
September 26, 2019
وتار و بیروڕا
کێ دژی ریفراندۆم بوو؟ کێ لەسەر هەڵویستی خۆی مایەوە و لە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی پەشیمان نەبووەوە؟ ئەی کی بوون ئەوانەی لە بەڵێی خۆیان پەشیمان بوونەوە، ئەوانە پرسیارگەلێکن هەقە هەموو تاکێکی کورد بە دوای وەڵامەکانیاندا بگەڕێ.
ئەوانەی دەنگیان بە بەڵێ داو ئێستاش شانازی بە بەڵێی خۆیانەوە دەکەن و بە بەڵێ پارێز ماونەوە، مێژوو فەرشی سووری بۆ راخستوون، ئەوانەش کە دەنگیان بە بەڵێ داو ئێستا لێی پەشمانن کەوتوونە بەر نەفرەتی مێژوو و ئێستا و داهاتوو.
هەموو ئەوانەی ئێستا دژی ریفراندۆم دەدوێن و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان بە کارێکی خراپ دەزانن، لە کاتی دەنگداندا بە زمانی ئاماژە بانگی کامیراکانیان دەکرد و بە شانازییەوە دەیانگوت: دەنگمان بە بەڵێ داوە، تەنانەت کەسی وا هەبوو دەیگوت، ئەگەر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم بریفراندۆم کرێ، من یەکەم کەس دەبم لە پێناویدا خۆم بە کوشت بدەم، وەک بینیمان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ریفراندۆم کرا، کەچی نەک خۆی بە کوشت نەدا، بەڵکو خەڵکی بە کوشت داو ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشی فرۆشتن.
کەسی واش هەبوو لەبەردەم کامیراکان بە شانازییەوە پەنجەی بۆیاغاوی بەرز دەکردەوە و دەیگوت: دەنگم بە بەڵێ داوە و بە کارێکی شەرعیشی دەزانم، دوایی بە شێوەیەک لە بەڵێی خۆی پەشمان بووەوە دەگوت: ریفراندۆمە سەقەتەکە، ئەرێ کێ بیستوویەتی کاری شەرعی سەفەت بێ؟! هەر ئەوەش نا، هەموو ئەوانەی لە پێش کامیراکان خۆیان نمایش دەکرد و دەیانگوت: دەنگمان بە بەڵێ داوە، ئێستا دەڵێن: بە هۆی ریفراندۆمەوە نیوەی خاکی کوردستانمان لەدەست دا.
ئەوانەی بە ئاشکرا دژی ریفراندۆم وەستانەوە ئەردۆغان و عەبادی و قاسمی سولەمانی تەواوی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بوون، لێرەدا مەبەستمە بڵێم: هەموو ئەوانەی لە دەنگداندا شانازییان بە دەنگی بەڵێی خۆیان دەکرد و دواییش خیانەتیان لە بڵێی خۆیان کرد، یان ئەوانەی ئێستا حاشا لە دەنگی بەڵێی خۆیان دەکەن، لە راستگۆیی و شەهامەتدا ناگەنە (قاپەڕەقە)ی ئەردۆغان و عەبادی و قاسمی سولەیمانی.