٢٥ی ئەیلول وێستگە و وەرچەرخان
September 26, 2019
وتار و بیروڕا
وا راهاتووم و وا فێرکراوم لە هەڵوێستی دوژمنکارانەی داگیرکارانی کوردستانەوە بۆ ویستگە گرنگەکانی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کورد و وەرچەرخانە سیاسییەکانی بڕوانم، ئەوە یاسایەکی چەسپاوە کە هەر رووداوێک دوژمنانی تەنگاو کردبن، ئەوا ئەو رووداوە لە بەرژەوەندی کورد و خەباتە رەواکەی بووە، هەر هەڵوێستێکیش لەسەر مێزی پیلانگێڕی کۆی کردبنەوە، ئەوا ئەو هەڵوێستە کوردانە و شۆڕشگێڕانە بووە و دژی سیاسەتی داگیرخوازی ئەوان بووە، جا ئەگەر بۆ سەلماندی ئەو راستییە دوو نموونە وەربگرین هەموو گومانەکانی سەر ئەو یاسایە دەڕەونەوە.
شۆڕشی ئەیلول وەک یەکێک لە گرنگترین ویستگەکانی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کورد، بە گۆڕینی ئامانجە سیاسییەکانی کورد لە ئامانجی پەرش و بڵاوی ناوچەگەراییەوە بۆ ئامانجی نەتەوەیی توانی شۆڕش بە کوردستانی بکات، بە کوردستانی کردنی شۆڕش و بە ستراتیجی کردنی ئامانجە نەتەوەییەکان بەلای دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانەوە قبوڵ کراو نەبوو، بۆیە بەردەوام لەژێر چاودێری دوژمناندا بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر دەستکەوتی بۆ کورد بەدەست هێنان، یەکێک لەو دەستکەوتانە رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بوو کە تا ئێستاش کورد و شۆڕشگێڕان شانازی پێوە دەکەن.
٢٥ی ئەیلولیش وەک گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان، گەورەترین وەرچەرخان بوو لە میژووی دوور و نزیکی خەباتی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا، کورد لەو وەرچەرخانەدا هێڵە سوورەکانی حزبی بەزاندن و یەک دەنگ و یەک رەنگ و یەک ئیرادە لە دەوری پرسی سەربەخۆیی و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان کۆ بوونەوە، ئەوەش نەک هەر رژێمە شیعەگەراکەی عێراقی تەنگاو کرد، بەڵکو رژێمەکانی ئێران و تورکیا و بەکرێگیراو و نۆکەرەکانیشیانی هێنانە سەر خەت، راستە داگیرکارانی کوردستان بەو پلانگێڕیە فرە جەمسەرە توانیان پرسی سەربەخۆیی دوا بخەن، بەلام نەیانتوانی پێش بە ئیرادەی سەربەخۆخوازان بگرن.
کورد دەبێ لە ١١ی ئەیلول و ٢٥ی ئەیلولەوە خوێندنەوە بۆ رووداو و پێشهاتەکان بکات، لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێک ئەگەر داگیرکارانی تورک و فارس و عەرەب بە هەندیان وەرنەگرت و لێی بێدەنگ بوون، ئەوا ئەو رووداوە لە زەرەری کوردە و کورد دەبێ دژی ئەو رووداوە بوەستێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر روداوێک یان هەڵوێستێک ئەو داگیرکارانەی تەنگاو کردن، دەبێ کورد چارەنووسی خۆی بەو رووداو و هەڵوێستەوە گرێ بدا و لە پێناویدا قوربانی بدات.