٢٥ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر، دوو شوناسی سیاسی ناو یەک مێژوو

٢٥ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر، دوو شوناسی سیاسی ناو یەک مێژوو

٢٥ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر درێژکراوەی دوو ئاراستە و دوو بۆچوون و دوو بەرەی دژ بە یەکی دەیان ساڵەی ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانن، لێرەوە مێژوو بەسەر دوو شوناسی جیاروازدا دابەش بوو، هەرچی هەڵگرانی شوناسی مێژووی ٢٥ی ئەیلولن، هەڵگری خواست و ئامانجە زەوتکراوەکانی نەتەوەیەکی ژێردەستە و چەوساوەن، ئەوەش زنجیرەیەک هەڵوێستی بەرگری شۆڕشگێڕانەی لە زهن و بیری تاکی کورددا هۆنیەوە و تووربێنی پڕ لە خۆزگە و خواستی سەربەخۆیی گەلێکی چەوساوە و ژێردەستەشی بۆ واڵا کردین، هەرچی هەڵگرانی شوناسی مێژووی ١٦ی ئۆکتۆبەریشن، وەک رابردوو کوردبوون و کوردایەتی و بەها نیشتیمانیەکنیان لە بیر کرد و کەوتنە داوی بانگەشە و بەڵێنی درۆیینی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان، ئەوەش زینجیرەیەک لە هەڵوێستی خۆ بەدەستەوەدانی رابردوومان بیر دەخاتەوە و دەرگای کولانەی خیانەتیشی بەڕووی خیانەتکاران کردەوە.
٢٥ی ئەیلول گەڕانەوەی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەران بوو بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان و ئیرادەی گەل، ١٦ی ئۆکتۆبەریش گەڕانەوەی خیانەتکار و وڵاتفرۆشان بوو بۆ ناو تۆڕی پیلانگێڕی داگیرکارانی کوردستان و جێبەجێ کردنی فەرمانی دوژمنانی کورد.
٢٥ی ئەیلول درێژکراوەی ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕی و نەتەوەییە بوو کە لە خەبات و تێکۆشاندا متمانەی کوردبوون و کوردایەتی کردنی بۆ تاکی کورد گێڕایەوە، ١٦ی ئۆکتۆبەریش درێژکراوەی ئەو رێچکە خیانەتکارانەیە کە بە بزەیەکی دوژمنانی کورد کەوتنە هەلەکەسەما و پشتیان لە کوردبوون و کوردایەتی کردووە و هەموو توانا سیاسی و سەربازیەکانیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی داگیرکارانی کوردستان خستوونە گەڕ.
٢٥ی ئەیلول قەڵای بەرگری لە کورد و کوردستان بووە، ١٦ی ئۆکتۆبەر چەپەری بەرگری کردن بووە لە دوژمنانی کورد، ئەو قەڵا و چەپەرە بوونە کار و کاردانەوەی ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە چ کات و ساتێکدا قەڵاکە بەهێز بووبێ، دوژمنان هەوڵیانداوە لەو چەپەرەوە قەڵاکە بڕمێنن.
مێژووی کورد پڕیەتی لە رۆژانی ٢٥ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو دوو رۆژە لە مێژوودا ئەوەندە دووبارە بوونەوە، لە هەر کات وساتێکدا شۆڕشگێڕان ٢٥ی ئەیلولێکیان درووست کردبێ، لە بەرامبەردا دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان لە رێگای دەستە و گرووپە خیانەتکار و وڵاتفرۆشەکانەوە ١٦ی ئۆکتۆبەرێکیان قوت کردۆتەوە، تەنانەت ٢٥ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر بوونە دوو شوناسی سیاسی ناو مێژوو.
Top