رۆژ رۆژی سەربەخۆکانە

رۆژ رۆژی سەربەخۆکانە

ئەوانەی بەناوی چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و سەربەخۆوە هەڵیان دەکوتایە سەر بارەگا حزبی و حکومیەکان و میردمنداڵی خەڵکیان فێری بەردەفڕکێ و توندوتیژی دەکرد، دەرکەوت هەموویان کادیر و هەڵسووڕاو و بانگخوازی ئەم حزب و ئەو حزب بوون، دواییش ئەوانە خەڵات کران و جگە لە دەستکەوتی ماددی، پۆستی ئەندام پەرلەمانی و وەزیری و راوێژکاری سەرۆک کۆماریان وەرگرتووە.
ئەوانەی بەناوی رۆژنامەنووس و رۆشنبیری سەربەخۆ لە کەناڵەکان دەردەکەوتن و ژەهری تیرۆری فکرییان دەڕشت، دەرکەوت هەموویان سەر بە ئیتلاعاتی ئێران دەرچوون، نموونەی ئەوانەش ئەحمەد میرە و مەسعود عەبدولخالق.
وەک دەردەکەوێ هەموو ئەوانەی کە لە قۆناغێکی دیاریکراودا ناسنامەی چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنووس و رۆشنبیری سەربەخۆیان پێدەدراوە و لە ژێریشەوە کادیر و هەڵسووڕاو و بانگخواز حزبی بوون، مەرج بوو دژی پارتی و دەستکەوتەکانی ئێستا و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان بن.
وەک بە راگەیاندنەکەی ئاسایشی سلێمانییەوە دیارە ئەو تەقەکەرەی شەوی ١٩ی ئەم مانگە تەقە لە بارەگای لقی ٤ی پارتی کرد، ئەویش تەقەکەری سەربەخۆیە و سەر بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نییە، ئەوەی جێگای سەرنجە هەموو ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی بەناوی سەربەخۆوە کاریان کردووە، دواتر لە حزبەکان و دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان پۆست و پلە و ئیمتیازاتیان وەرگرتووە و دەستکەوتی ماددیشیان پێدراوە، بەڵام یەکەم جارە تەقەکەری سەربەخۆ پەیدا ببێ و سەربەخۆ تەقە لە بارەگایەکی حزبی بکات، پرسیار ئەوەیە: دەبێ ئەو تەقەکەرە سەربەخۆیە لە داهاتوودا چ پلە و پۆستێک وەربگرێ و دەستکەتی ماددی چی بێ و چەند بێ؟
Top