خۆ نیگەران کردنی یەکێتی لە پارتی پێکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ دوژمنان

خۆ نیگەران کردنی یەکێتی لە پارتی پێکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ دوژمنان

رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر یەکێتی خستۆتە ناو بازنەیەکی داخراو و پێیوایە کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکە لای پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە کاتێکدا هەر خۆیان ئەو کلیلەیان خستە گیرفانی حەشدی شەعبی و تەنها بە یەکڕیزی ناوماڵی کورد و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی لە گیرفانیان دەردەهێنرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە یەکێتی پەندی لەو رووداوە و زۆر رووداوی تر وەرنەگرتووە و ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی بە پشتیوانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان شکست بە پارتی بێنێ.
دوای ئەوەی یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دوژمنانی هێنانە سەر خەرمانی سوورکراو و خۆشی کردە سەپانی پووشێ، بۆ چەواشە کردنی رای خەڵک و کورد گوتەنی دیزە بە دەرخۆنە کردنی ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کردیان، لە قۆناغی یەکەمدا وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکیان بە کلیلی دەرگا داخراوەکە دەزانی و پارتیش بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پۆستی پارێزگاری کەرکوکیان بۆ وەرناگرێتەوە.
هەموومان لە بیرمانە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر باڵی خیانەتکار بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کەرکوک گەڕاوەتەوە باوەشی نیشتیمان و هەموو خواستەکانی کوردیان لە ناردنی مووچەدا کۆکردبووەوە و بە شانازییەوە دەیانگوت: بەغدا لەمەولا مووچەی فەرمەنبەرانی سلێمانی دەنێرێ، لە کاتیکدا هەر خۆیان و لەسەر داوای خۆیان نوری مالیکی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حکومەتی هەرێمی بڕی و خەڵکی کوردستانیان تووشی قەیرانی دارایی کرد، بەڵام کاتێ بەغدا بە ڕیککەوتنێکی ژێر بە ژێر لەگەڵ باڵێکی ناو یەکێتی بە مەرامی خۆی گەیشت کە داگیرکردنەوەی کەرکوک بوو، نەک هەر مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی نەنارد، بەڵکو وەک درێژە پێدەری رژێمی بەعس و سەددام حوسێن کەوتنەوە تەعریب کردنی کەرکوک.
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە رێککەوتن بەغدا بڕێک پارە بنرێ و حکومەتی هەرێمیش (٢٥٠)هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەڵام ئەو رێککەوتنە وا کرابوو کە هەرێم تا ساڵی ٢٠٢٠ نەوت رادەست نەکات، بەو رێککەوتنە پەرلەمانتارانی یەکیتی و کۆمەڵ و گۆڕان کەوتنە هەرای ئەوەی بەغدا پارە دەنێرێ و هەولێر نەوت رادەست ناکات، هەرای ئەو پەرلەمانتارانە شۆڤێنیەکانی عەرەبی وروژاندن کە تا ئەوکات خەبەریان لەبەر نەبوو.
یەکێتی هەر کاتێک دەرفەتی بۆ رەخسابێ بیانووی بە پارتی گرتووە و وای پیشان داوە کە لە پارتی نیگەرانە، جا بە پاساوی رەواندنەوەی نیگەرانیەکەی خۆی کردووە بە جێبەجێکاری پیلانەکانی دوژمنان، ئێستا بە بەیج و سایت و راگەیاندنەکانیانەوە دیارە، گڵۆپی سەوزیان بۆ جێبەجێ کردنی هەر پیلانێک پیشان داوە کە دوژمنان بیخوازن، جا بۆ ئەوەی رەواییش بدەن بە هەر کارێک کە دوژمنان دەیانەوێ، باس لەوە دەکەن پارتی نەوت رادەست ناکات و کار لەسەر ئەوە دەکەن چیتر بەغدا مووچەی فەرمانبەران نەنێرێ.
وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد لە دوای خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر داوای ئەوەیان دەکرد بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی بنرێ و بەس، بۆ ئەوە سەرکەوتوو نەبوون و بەغدا گرنگی پێ نەدان، ئێستاش هەموو ئامانجەکانیان لەوەدا کۆکردوونەوە بەغدا مووچەی سلێمانی بنرێ و سلێمانی لە حکومەتی هەرێم داببڕن، مەترسییەکە لێرەدا دەردەکەوێ، دابڕینی سلێمانی لە بەرژەوەندی بەغدایە، چونکە بەوە حکومەتی هەرێم لاواز دەبێ، بەڵام نازانرێ بەغدا لە بەرامبەر ئەوەدا داوای چیتریان لێدەکات، بە کوردی و بە کورتی هەرکاتێک یەکێتی خۆی لە پارتی نیگەران کردبێ، ئەوا گڵۆپی سەوزی بۆ دوژمنان پێکردووە.
Top