با راکەین، بە خوای راستە

با راکەین، بە خوای راستە
لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلول فرۆکەی ئەوکات وەک فرۆکەی ئێستا پێشکەوتوو نەبوون، لە گوندێکی پشدەر رۆژانە دوو گەنج دەکەن بە چاودێر، واتا دەوری (رادار)یان دەبینی، بۆ ئەوەی کە فرۆکە هات هاوار بکەن و بڵێن: هات، ئەوکات خەڵکی ئاوایی بە ژن و پیاو و گەورە و بچوک لە گوند دەردەچوون و خۆیان دەشاردەوە.
رۆژێک دوو گەنج دەبنە چاودێر، تا بەرە بەری رۆژئاوا فرۆکە نایات، یەکیان دەڵێ: ئەرێ بۆ نەڵێین هات؟ با بزانین خەڵک چۆن رادەکات، ئیتر رێکدەکەون و هاوار دەکەن و دەڵێن هات، هات، کە سەیر دەکەن هەموو خەڵکی گوند بە راکەڕاک ئاوایی بەجێ دێڵن، کاتێ گەنجەکان ئەو راکەڕاکەی خەڵک دەبینن، خۆیان دەڵێن: با راکەین، بە خوای راست نەبووایە ئەو هەموو خەڵکە رای نەدەکرد، دوای ئەوە گەنجەکان لە خەڵکەکە باشتر رادەکەن.
کەسە شاروەکانی پشت سایت و پەیجەکانی یەکێتیم وەک ئەو دوو گەنجە دێنە بەرچاو، بەردەوام و هەر جارە و بە جۆرێک باس لە بوونی کێشەی نێوان کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور دەکەن، خۆیان لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە درۆیە و ئەوان وا پەروەردە نەکراون کێشەیان لە نێواندا هەبێ، بەڵام کاتێ دەبینن هەندێ نەزان و گەوجێنراو لایک و کۆمێنتیان بۆ دەکەن، وەک دوو گەنجەکە بە خۆیان دەڵێن: دیارە ئەوەی گوتوومانە راستە، دەنا ئەو خەڵکە بۆ لایکمان بۆ دەکا و کۆمێنتمان بۆ دەنووسێ؟!
Top