کابینەی نۆیەم و ئەرکی کوردپەروەران

کابینەی نۆیەم و ئەرکی کوردپەروەران

چاوەکان لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، لەناو کابینەی نۆیەمیش چاوەکان لەسەر مەسرور بارزانین، ئەو کابینەیە و مەسرور بارزانی لەژێر چاودێری وردی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان و حزبەکانی بەشداربوو لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتییان دایە، هەرچی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانن پیلانی لە دژ دەگێڕن و کار لەسەر شکست پێهێنانی دەکەن، ئەوە ئاساییە و هەر ئەوەش لە دوژمنان چاوەڕوان دەکرێ، هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێکی خەمخۆر و دیوی دووەمی دەسەڵات بێ، ئەرکیەتی بە دوای خاڵی لاواز و دەرخستنی ئەو خاڵانەدا بگەڕێ، ئەوەش کارێکی ئاساییە، ئەرکی حزبە بەشداربووەکانیش کار کردنە لەسەر سەرخستنی ئەو کابینەیە، چونکە لە سەرکەوتنی ئەوانیش پشکی شاناویان لە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتیمانیەکانیان بەردەکەوێ، مافی هەوڵاتیانیشە چاوەڕوانی بەجێهێنانی خواستەکانیان لەو کابینەیە بکەن.
لە کابینەی پێشوودا بەغدا بە مەبەستی پێشگرتن بە سەرکەوتنەکان و شکست پێهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی دەبڕی، هاوکات فراکسیۆنە کوردستانیەکانیش لە پەرلەمانی بەغدا جگە لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەرکی چاودێری کردنی حکومەتی بەغدا و بەرگری کردن لە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانیان بەلاوە دەنا و، دەنگیان بە حەشدی شەعبی دەدا و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جاسووسیان بەسەر حکومەتی هەریمی کوردستانەوە دەکرد، داعش لە بەرەکانی جەنگ و بە مەبەستی داگیر کردنی کوردستان و تاڵان و بڕۆ و کڕین و فرۆشتن بە ئافرەتی رووسووی کوردەوە پەلاماری کوردستانیان دەدا، حزبە بەشدار بووەکانی حکومەتیش وەک دەستبار دان و هاوکاری کردنی داعش لە شارەکانەوە بە مەبەستی سەرقاڵ کردن و رووخاندنی حکومەت پەلاماری دامەزراوە حکومیەکان و بنکە و بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەدا، بەوەشەوە نەدەوەستان و بە تاک و کۆ رایان دەکردە بەغدا و بە مەبەستی رووخاندنی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز) داوای هاوکاری و پشتیوانیان لە بەغدای دوژمن بە کورد دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانی پشت ئەستوور بە هەڵوێستە نەتەوە کانی سەرۆک بارزانی و پشتوانی جەماوەری کوردستان، توانی هەموو ئەو پلانانە پوچەڵ بکاتەوە و بەسەر دژبەرانی ناوخۆ و عێراقی و هەرێمیدا سەربەکەوێ و حکومەت و دەستەکەوتەکان بپارێزێ.
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی ئاقڵانە لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانێ، بەڵام گرووپە شیعە توندڕەوەکان و ئەوانەی لەژێر هەیمەنەی مەزهەبگەرایی و ئێران دان و شۆڤێنیەکان کێشەی بۆ درووست دەکەن، پێدەچێ ئۆپۆزسیۆنیش بە خۆیدا چووبێتەوە و دەستبەردای دوژمنکاری بووبێ و ئەرکی ئۆپۆوسیۆن بوونی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەوەی تێبینێ دەکرێ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک حزبی دووەمی بەشداربووی دەسەڵات و بە دیاریکراویش گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەموو هەوڵەکانیان لەسەر شکست پێهێنانی حکومەت چڕ کردوونەوە، تەنانەت هەوڵەکانیان لە هەوڵی میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە ئێران و شۆڤێنیەکان خەست ترن و لە هاوپەیمانی ئەوانیش نەپرینگاونەوە و ناشپرینگێنەوە، ئەوەش بە هەڵوێست و راگەیاندن و بەیج و سایتەکانیانەوە دیارە.
مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ترس و دڵەڕاوکێی لای گرووپە توندڕەوەکانی میلیشیا شیعەکان و شۆڤێنیزمی عەرەبی و گەندەڵکاران و گرووپە عێراقچیەکانی وەک گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر درووست کردووە، بۆیە هەموو ئەوانە لە بەرەی شکست پێهێنان و پیلانگێڕی و رێگری کردن لە سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم کۆبوونەوە، چونکە سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم و مەسرور بارزانی لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە و سەرکەتنی لە بەرژەوەندی ئەوان دەدا و مەرگی گەندەڵکارانیش رادەگەیەنرێ.
لە ئەگەری سەرنەکەوتنی کابینەی نۆیەم سوودمەندی یەکەم ئەو گرووپانە دەبن و زەرەرمەندی یەکەمیش کورد و ئەزموونە سیاسیەکەی دەبێ، بۆیە پێویستە و ئەرکێکی نیشتیمانیشە لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت شان بدەنە بەر ئەو ئەرکە نیشایمانیە، ئۆپۆزیسۆنیش وەک پێکهاتەیەکی گرنگی ناو پرۆسەی سیاسی بەدەر نییە لەو ئەرکە نیشتیمانیە و، پێویستە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی بگێڕێ، نەک وەک رابردوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوون لەبیر بکا و رۆڵی دوژمنکاری بگێڕێ، لەوانەش گرنگتر و کاریگەرتر پشتیوانی جەماوەری کوردستانە لە کابینەی نۆیەم، چونکە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ئەو کابینەیە کە دوژمنان و گەندەڵکاران خوازیاری ئەوەن سەرکەوتوو نەبێ، باجی گەورە جەماوەر دەیدات.
Top