دیموکراسی و ئازادی بیروڕا تا کوێ رەوایە

دیموکراسی و ئازادی بیروڕا تا کوێ رەوایە
ئەگەر دیموکراتی ئامرازی گەیشتن بە حەز و خولیا سیاسیەکان بێ، ئەوا ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و خەبات و تێکۆشان لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە هەڕەشە و دڵەراوکێ ئامانجن، ئەگەر ئازادی بیروڕا ئامرازی گەیاندنی پەیامی سیاسی بێ، ئەوا ئۆقرەیی و ئارامی و نەبوونی فەوزا و تۆمەت هەڵبەستن و ناو نەزڕاندن ئامانجن، بۆیە دیموکراسی و ئازادی بیروڕا تا ئەو شوێنە رەوا و بەجێن کە نەکرێنە چاوبەست و بە ناوی دیموکراسی هێڵە سوورەکانی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی نەبەزێندرێ و، خەبات و تێکۆشان لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە هەڕەشە و دڵەڕاوکێش بەلاڕێدا نەبرێ، دابینکردنی ئۆقرەیی و ئارامی ئەرکن و درووستکردنی فەوزا و تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن تاوانن، بۆیە نابێ بە ناوی ئازادی بیروڕاوە فەوزا بخوڵقێندرێ و ئۆقرەیی و ئارامی بکەونە بەر پەلاماری تۆمەت و ناوزڕاندن.
وڵاتانی سەربەخۆ و پێشکەوتوو هەرگیز رێگە نادەن دیموکراسی و ئازادی بیروڕا بکرێنە ئاماج، چونکە کە کرانە ئامانج هێڵە سوورەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبەزێندرێن و وڵات بەرەو فەوزا دەبرێ، بۆیە دەبینین کاتێک هەندێ دەستە و گرووپ لەو وڵاتانە بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسیەکانیان و بە ناوی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا هەوڵی بەزاندنی هێڵی سووری ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدەن و، تۆمەت بۆ نەیارەکانیان هەڵدەبەستن و بە ناوزڕاندنی بەرامبەرەکەیان خۆیان جوان دەکەن، نەک هەر دەوڵەت، بەڵکو هاوڵاتیان بە بێ جیاوازی بە گژ ئەو کەس و دەستە و گرووپانەدا دەچنەوە، جا ئەگەر گەلانی سەربەخۆ و خاوەن دەوڵەت و پێشکەوتوو ئاوا لە بە ئامانج کردنی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا بڕوانن، دەبێ کوردی ژێردەستە و بێ دەوڵەت و گەمارۆدراو بە دوژمن و داگیرکار، لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانیدا چۆن لە بە ئامانج کردنی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا بڕوانێ؟
کورد ئێستا لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانی دایە، گەورەترین و کاریگەرترین چەکی گەلانی ژێردەستەش لەو قۆناغە هەستیارەدا چەکی یەک ئامانجی و یەک هەوڵوێستی و یەک گوتارییە، جا ئەگەر ئەو چەکە بۆ گەلانی دنیا سوننەت بێ، ئەوا بۆ کوردی گەمارۆدراو بە دوژمن و داگیرکار فەرزە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێ هەندێ کەس و دەستە و گرووپ هەست بەو فەرزە ناکەن، یان راستتر بڵێین خۆی لێ لادەدەن.
وەک ئەوەی ئەو کەس و دەستە و گرووپانە بەناوی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا پەلاماری ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان دەدەن و، سووکایەتی بە دەستکەوت و بەری رەنجی خوێن و خەباتی دەیان ساڵە و بەها پیرۆزەکانی مێژوو دەکەن، ئەگەر تورک لە تورکیا و فارس لە ئێران و عەرەب لە عێراق و سوریا بە ناوی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا ئاوا پەلاماری ئامانجە نەتەوەییەکانیان بدەن و ئاوا سووکایەتی بە بەها پیرۆزەکانی مێژووی خۆیان بکەن و، داوای رووخانی حکومەت و ژێردەستە کردنەوەی گەلەکەیان بکەن، ئەوا چییان بە کورد کردووە و چۆن کورد دەکوژن، ئاواش بە خەڵکی خۆیان دەکەن و تاوانی خیانەتیان دەدەنە پاڵ و رەوایی بە کوشتنیان دەدەن.
دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن و دەیانەوێ بە هێز و زەبروزەنگ شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازان بێدەنگ بکەن، کەچی ئەو کەس و دەستە و گرووپانە کێشەی کوردیان لە نەبوونی دیموکراسی و ئازادی بیروڕادا کورت هەڵێناوە و بەو ناوەوە رووخانی حکومەتی هەرێمیان خستۆتە پێشینەی کار و چالاکی سیاسی خۆیان، لە کاتێکدا ئەو دیموکراسی و ئازادی بیروڕایەی لە باشووری کوردستان هەیە، لە ناوچەکە و لەناو هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان بوونی نییە، بەوەش ئەو کەس و دەستە و گرووپانە لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەبنەوە هاوئامانج، چونکە روخانی حکومەتی هەرێم و لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانەی باشووری کوردستان نەک هەر خواست و ئامانجی حکومەتی عێراقە، بەکو تاکە ئامانجی رژێمەکانی تورکیا و ئێران و سوریاشە، لە هەمان کاتدا باشکردنی حکومەتی هەرێم و پاراستنی دەستکەوتەکان ئامانجی کوردانی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواشە, بۆیە پێویستە ئەو کەس و دەستە و گرووپانە بە خۆیاندا بچنەوە و دیموکراسی و ئازادی بیروڕا وەک ئامرازی باشکردنی دۆخەکە ببینن، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دابین کردنی ئارامیش وەک ئامانجی سەربەخۆیی و خۆ پاراستن لە مەرگ و جینۆساید و زیندەبەچاڵ کردن ببینن.
Top