دیداری سەرۆک و گەڕانەوە بۆ میژوو
September 9, 2019
وتار و بیروڕا
بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دەردەکەوێ کە چارەنووسی هەموو ئەوانەی سەردەمانێک لە خەباتی رزگاری نیشتیمانی یاخی بوون، سەرئەنجام بە ئومێدی بەخشین گەڕاونەوە ناوماڵی کوردایەتی، جا ئەگەر ئەوە بڕیاری مێژوو بێ و گەڕانەوە بۆ ناوماڵی کوردایەتی دوا چارەنووسی سیاسی و سەرکردەی حزبە کوردیەکان بێ و، لەو چارەنووسە زیاتر هیچ چارەنووسێکی تر بە فریایان نەکەوێ و هیچ رێگا و بژاردەیەکی تریان نەبێ، بۆ دەبێ دەمارگیری سیاسی و پەتای خۆ بە گەورە زانین وایان لێبکات رێگایەکی وەک پەنابردن بۆ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بگرنەبەر و بژاردەیەکی وا شەرماوی و خەجاڵەتکەر هەڵبژێرن؟!
جا ئەگەر ئەوە بڕیاری مێژوو بێ و دوا چارەنووس گەڕانەوە بێ بۆ ناوماڵی کوردایەتی و دیداری سەرۆک بارزانی، بۆ لە ناوماڵی کوردایەتی دەردەچن؟! بۆ پشت لە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان دەکەن و بە ئاوازی زوڕنای داگیرکارانی کوردستان هەڵدەپەڕن؟! ئای چەند بەختەوەرییە لەناوماڵی کوردایەتی و بە دەرگای خەبات و تیکۆشاندا بچیتە دیداری سەرۆک بارزانی، نەک وەک هەندێ سیاسی و سەرکردەی ئەم حزب و ئەو حزب بە دەرگای لێبووردندا دێنەوە ناوماڵی کوردایەتی و بە شەرمەوە دەچنە دیداری سەرۆک بارزانی.