دیداری سەرۆک و گەڕانەوە بۆ میژوو

دیداری سەرۆک و گەڕانەوە بۆ میژوو
باڵندە چەندی لە خۆی بایی ببێ و بەرز بفڕێ، چارەنووسی گەڕانەوە و نیشتنەوەیەتی لەسەر زەوی، سیاسی و سەرکردەی حزبە کوردستانیەکانیش چەندی دەمارگیری سیاسی بیانگرێ و تووشی پەتای خۆ بە گەورە زانین ببن و، بۆ درێژەدان بەو دەمارگیریە و خاوبوونەوەی پەتاکەیان سەر بە ماڵی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانیشدا بکەن، چارەنووسیان پەشیمان بوونەوەیە و دوا وێستگەیان گەڕانەوەیە بۆ ناوماڵی کوردایەتی و دیداری سەرۆک بارزانی.
بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دەردەکەوێ کە چارەنووسی هەموو ئەوانەی سەردەمانێک لە خەباتی رزگاری نیشتیمانی یاخی بوون، سەرئەنجام بە ئومێدی بەخشین گەڕاونەوە ناوماڵی کوردایەتی، جا ئەگەر ئەوە بڕیاری مێژوو بێ و گەڕانەوە بۆ ناوماڵی کوردایەتی دوا چارەنووسی سیاسی و سەرکردەی حزبە کوردیەکان بێ و، لەو چارەنووسە زیاتر هیچ چارەنووسێکی تر بە فریایان نەکەوێ و هیچ رێگا و بژاردەیەکی تریان نەبێ، بۆ دەبێ دەمارگیری سیاسی و پەتای خۆ بە گەورە زانین وایان لێبکات رێگایەکی وەک پەنابردن بۆ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بگرنەبەر و بژاردەیەکی وا شەرماوی و خەجاڵەتکەر هەڵبژێرن؟!
جا ئەگەر ئەوە بڕیاری مێژوو بێ و دوا چارەنووس گەڕانەوە بێ بۆ ناوماڵی کوردایەتی و دیداری سەرۆک بارزانی، بۆ لە ناوماڵی کوردایەتی دەردەچن؟! بۆ پشت لە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان دەکەن و بە ئاوازی زوڕنای داگیرکارانی کوردستان هەڵدەپەڕن؟! ئای چەند بەختەوەرییە لەناوماڵی کوردایەتی و بە دەرگای خەبات و تیکۆشاندا بچیتە دیداری سەرۆک بارزانی، نەک وەک هەندێ سیاسی و سەرکردەی ئەم حزب و ئەو حزب بە دەرگای لێبووردندا دێنەوە ناوماڵی کوردایەتی و بە شەرمەوە دەچنە دیداری سەرۆک بارزانی.
Top