بۆچی داوای دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح دەکرێ؟
September 8, 2019
وتار و بیروڕا
سەیادی لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات سەرۆک کۆمار بە هۆی پێشێل کردنی ماددەی ٦١ بڕگەی شەشەم کە تایبەتە بە شکاندنی سوێند و پێشێل کردنی دەستوور، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، هەروها ماددەکانی ١٤و ١٦و ٢٣ی دەستووری پێشێل کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە بانگەواز بۆ داواکاری گشتی دەکات رۆڵی خۆی ببینێ و لێپرسینەوە لە پێشێلکاران بکات.
پێشتر ئەو پەرلەمانتارە بەرهەم ساڵح بەوە تۆمەتبار دەکات کە یاسای پێشێل کردووە و بە هاوکاری فەوجی سەرۆکایەتی، زەوییەکی کشتوکاڵی لە نزیک ماڵەکی خۆی لە جادریەی بەغدا تێکداوە و خراپی کردووە.
بەڕاستی عەرەب هەم خەمخۆری وڵاتی خۆیانن و هەم سپڵەن و چاکەی کەسیان لە چاودا نییە، خەمخۆرن لەوەی تەنها لەسەر تێکدان و خراپکردنی زەوییەکی کشتوکاڵی دەیانەوێ لێپرسینەوە لە سەرۆک کۆمار بکەن و پۆستەکەی لێ بستێننەوە، کە دەڵێم: سپڵەشن، چاکەی بەرهەم ساڵحیان لە چاودا نییە کە لە بەرامبەر داگیرکاری و تەعریب کردنەوەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تر لێفەی بێدەنگی بەسەر حۆی هەڵکێشاوە و مێشی میوان نییە، کوڕە عەرەبینە سەر هەڵبڕن و خوا ببینن، بەرهەم ساڵح هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆماری هەیە، بەڵام وەک خزمەتکارێک رۆڵی سەرۆکی پێشوازیکارانتان بۆ دەبینێ، ئاخر ئێوەی عەرەب خاک داگیر دەکەن، کوردستان کاول دەکەن و خەڵکەکەی ئاوارە دەکەن، سووکایەتی بە بەها پیرۆزکانی کورد دەکەن و خەلکەکەشی دەکوژن، تا ئێستا ئەو سەرۆک کۆمارە نوقەی لێوە نەهاتووە و گلەیشی لێدەکەن، کوڕە نانێک بخۆن و حەوت نان بکەنە خێر، پۆستەکە لە بەرهەم ساڵح بستێننەوە تا دنیا هەیە کەسێکی وا موو نەرم و ئەڵقە لە گوێتان دەست ناکەوێتەوە بە تەها محێدین مەعروفیشەوە.