ئەیلول و وەرچەرخان
September 6, 2019
وتار و بیروڕا
شۆڕشی ئەیلول لە ١١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا درووست کرد، وەرچەرخانەکە لەوەدا بوو هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی خۆبەخش و لەخۆ بووردوو بە نیشتیمانی کرا و خەبات و بەدیهێنانی خواستەکانی گەل لە سەربەخۆیی و رزگاری کرانە ئامانج، ئەو بە نیشتیمانی کردنەی هێزی پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەل لە سەربەخۆیی و رزگاری، بوونە دووانە گۆڕانکاری کە تا شۆڕشی ئەیلول هێزی پێشمەرگە و خواستەکانی گەل لە بازنەی هێزی عەشایری و خواستی ناوچەگەراییدا ئاراستە دەکران، ئەوەش وایکردبوو داگیرکارانی کوردستان لە ناوچەیەکی دیاریکراوی بەرتەسکدا شۆڕشەکانی کورد گەمارۆ بدەن، بەڵام شۆڕشی ئەیلول بە رابەرایەتی بارزانی نەمر ئەو کارتەی لە دەست داگیرکارنی کوردستان دەرهێنا، بەوەش هێزی نەتەوەیی بە شۆڕشی کورد بەخشی کە تا ئەوکات شۆڕشەکانی کورد خاوەنی هێزی عەشایری و ناوچەیی بوون.
وەرچەرخانێکی تری شۆڕشی ئەیلول ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە پێچەوانەی هێزی شۆڕشەکانی پێش خۆی کە فرە رێنمایی و بە فرە فەرمانی دەجووڵێندران، رێنمایی و فەرمانی لە یەک رابەرایەتی وەردەگرت کە سەرکردایەتی شۆڕش بوو، ئەوەش شۆڕش و هێزی پێشمەرگەی کردە خاوەنی دیسپلین و بڕیاری یەکگرتوو.
بە سیاسی کردنی پرسی کورد وەرچەرخانێکی تری شۆڕشی ئەیلولە، ئەو وەرچەرخانەش داگیرکارانی کوردستانی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ و ناچاری کردن ددان بە پرسی کورددا بنێن وەک پرسێکی نەتەوەیی، رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ یەکێکە لەو دەستکەوتانەی کە لە ئەنجامی ئەو ددان پێدانانەدا هاتەدی.
هەر لە مانگی ئەیلول و لە ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ وەرچەرخانێکی تر روویدا، ئەویش ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، چۆن شۆڕشی ١١ ئەیلول وەک هەڵگری ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بە رابەرایەتی بارزانی نەمر بە جووڵانەوە ناوچەییەکانی گوت: بوەستن، ریفراندۆمیش وەک هەوڵدان بۆ دوا چارەسەری پرسی کورد بە رابەرایەتی رابەری کوردایەتی مەسعود بارزانی، بە جووڵە حزبییەکانی گوت بوەستن، ئەوەش کاتێک دەردەکەوێ کە %٩٣ی خەڵکی کوردستان بە بەڵێ بە دەنگیەوە هاتن، لە کاتێکدا پارتی وەک حزب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ٤٥ کورسی پەرلەمانییە، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات کە بارزانی نەمر چۆن بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول وەرچەرخانی درووست کرد و بەو وەرچەرخانە کوردی کردە خاوەنی شۆڕشێکی ئامانجداری نەتەوەیی و نیشتیمانی، سەرۆک بارزانیش بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی لە قوڕگی حزب دەرهێنان و لەگەڵ هزر و بیری تاکی کورد تێکەڵی کردنەوە.