کەرکوک لە نێو هۆڵی پەرلەمان و سەر شاشەی تیڤییەکان
September 5, 2019
وتار و بیروڕا
لە کۆبوونەوەکان دەڵێن: کەرکوک شارێکی عێراقییە و گەڕاوەتەوە باوەشی نیشتیمان، چۆن سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆیان هەیە لە (بەسەرە) بن، ئەوهاش بۆیان هەیە لە کەرکوک بن، لەسەر شاشەی تیڤییەکانیش دەڵێن: ئەوە پارتییە نایات پۆستی پارێزگارێکی زەلیلمان بۆ وەربگرێتەوە.
بەبەر چاویانەوە ئاڵای کوردستان ژێرپێ دەخرێ و ئاڵای عێراق دەخرێتە سەر سەری پەیکەری پێشمەرگە و ناوێرن بڵێن لەل، لەسەر شاشەی تیڤییەکانیش دەڵێن: کەرکوک جێناهێڵین.
کورد لە کەرکوک راودەنرێ و تاڵان دەکرێ، لەسەر شاشەی تیڤییەکانیش دەڵێن: کەرکوک ئارامە و یاسا گەڕاوەتەوە شارەکە.
پرۆسەی تەعریب خراپتر لە سەردەمی بەعس و سەددام حوسێن گەڕاوەتەوە، لەسەر شاشەی تیڤییەکانیش دەڵێن: کەرکوک شارێکی کوردستانییە.
لە کۆبوونەوەکان بۆ دابەشکردنی کەرکوک پرۆژەی لە سەدا سی و دوو بۆ هەر یەکە لە کورد و تورکمان و عەرەب دخرێتە روو، لەسەر شاشەی تیڤییەکانی دەڵێن: یان کەرکوک و خانەقین، یان تا ماوین دەجەنگین.
لە نێو هۆڵی پەرلەمان دەنگ بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەدەن، لەسەر شاشەی تیڤییەکانیش دەڵێن: بە پێی ئەو یاسایە هەڵبژاردن بکرێ کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێ.