بە مەرجەع بوون یان بە مەرجەع کردن؟

بە مەرجەع بوون یان بە مەرجەع کردن؟
هەموو ئەو کەس و دەستە و گرووپە عێراقچیانەی فرچکیان بە خیانەت و وڵاتفرۆشیەوە گرتووە، هیز و بوون و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لە عیراقێکی یەکگرتووی ژێر هەیمەنە و باڵادەستی شیعەدا دەبینن، هەر بۆیەش بەردەوام لە بوونی مەرجەعێک بۆ کوردبوون و کوردایەتی ترساون، ئاخر ئەوانە ناهەقیان نییە و نانیان لە خیانەت دایە و رێگای خیانەتیان لێ بگیرێ نانبڕاو دەبن، بۆیە وەک دەبینین ئەوان بە فیتی دەزاگا هەوڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان کەوتوونە هەرا و زەنای ئەوەی پارتی دەیەوێ سەرۆک بارزانی بە مەرجەع بکات.
پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوانە جیاوازی لە نێوان بە مەرجەع بوون و بە مەرجەع کردندا بکەن، چونکە هیچ حزبێک ناتوانێ سەرۆک یان سەرکردەیەکی خۆی بە مەرجەع بکات ئەگەر مەرج و تایبەتمەندیەکانی بە مەرجەع بوونی تێدا نەبن، بۆیە پێویستە لە مەرج و تایبەتمەندیەکانی بە مەرجەع بوون بدوێین و بزانین مەرج و تایبەتمەندیەکانی چین و لە کوێوە دەست پێدەکەن؟
دیارە دوو جۆر مەرجەع هەیە، یەکەمیان مەرجەعی دینی و دووەمیشیان مەرجەعی نەتەوەییە، باسەکەی ئێمە تایبەتە بە مەرجەعی نەتەوەیی، چونکە ئەو مەرجەعە زیاتر لەناو گەلە ژێردەستە و چەوساوەکان دەردەکەوێ، کوردیش ساڵەهای ساڵە ژێردەستە و چەوساوەیە و، بۆ رزگار بوون لە ژێردەستەیی پێویستی بە بوونی مەرجەعێک هەیە و دەبێ ئەو مەرجەعەش ئەو مەرجانەی هەبن.
یەکەم:ــ کەسی مەرجەعبوو بەردەوام لەژێ چاودێری داگیرکارانی وڵاتەکەی دایە و پیلانی لە دژ دەگێڕن.
دووەم:ــ دەبێ کەسی بە مەرجەعبوو رابردوویەکی شۆڕشگێڕی و مێژوویەکی پاکی هەبێ.
سێیەم:ــ دەبێ رزگاری و بەرژەوەندی گەلەکەی بخاتە پێشینەی کارەکانی و لەو پێناوەدا ئامادەی چەشتنی هەموو جۆرە ئازارێک بێت.
ئەگەرسەرۆک بارزانی لە چرای ئەو سێ مەرج و تایبەتمەندیەی سەرەوە بدەین، ئەوا هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییە نامێنێ کە سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی بە مەرجەع بووە نەک بە مەرجەع کراو، وەک عیراقچیەکان دەڵێن و لە مەرجەع بوونی دەترسێن.
خاڵێکی تر کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە کە داگیرکارانی کوردستان و خیانەتکاران هەموو هەوڵەکانیان لەسەر پەراوێز خستن و لاوازکردنی چڕ کردوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جار لە دوای جار بەهێز تر دەبێ و ژێردەستە و چەوساوەکان بە ئومێدی رزگاری و سەربەخۆیی زیاتر لە دەوری کۆ دەبنەوە.
ئەگەر لە رووی نێودەوڵەتیشەوە لە مەرجەع بوونی سەرۆک بارزانی بڕوانین، ئەوا دۆست و دوژمن بۆ چارەسەری کێشەکان وەک مەرجەع بۆی دەگەڕێنەوە.
لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە کوردانی پارچەکانی تریش لەگەڵ ئەو هەموو هەڕەشانەی لە لایەن داگیرکارانەوە لێیان دەکرێ، بەڵام ئەوانیش بە مەرجەعی خۆیانی دەزانن و ئومێدی سەرکەوتنیان لەسەر هەوڵەکانی هەڵچنیوە.
بە مەرجەع بوونی سەرۆک بارزانی لای داگیرکارانی کوردستانیش بۆتە مەترسییەکی گەورە، چونکە ئەوانیش زۆر باش دەزانن کە سیاسەتی داگیرخوازی لەسەر دەستی مەرجەعی کوردایەتی بە کۆتا دێت، بۆیە دژ بە مەرجەع بوون لە رابردوودا ئەوەی پێیان کرابێ کردوویانە و لە داهاتووشدا ئەوەی پێیان بکرێ دەیکەن.
Top