٣١ی ئاب و خوێندنەوەیک بۆ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب

٣١ی ئاب و خوێندنەوەیک بۆ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب

بەشی دووەم و کۆتایی

وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم بۆ کرد، ئەگەر پارتی پێشی بەو پیلانە سێقۆڵیەی نێوان یەکێتی و سوپای پاسداران و پەکەکە نەگرتبا و وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابوو سەرکەوتنیان بەدەست هێنابا، بزووتنەوەى کوردایەتی لەو دوو بەشەی کوردستان بە شێوەیەک دەخرانە ناو گێژاو ئەستەم بوو بۆ زەمەنێکی دوور و درێژ کوردبوون و کوردایەتی شوێن و پێگەی خۆی بگرێتەوە، چونکە بەشێک لە سەرکردە دەست رۆیشتووەکانی ناو یەکێتی بەو ئامانجە دەگەیشتن کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە کاری بۆ دەکەن و خەونی پێوە دەبینن و کوردایەتیشیان بە قوربانی بەدیهێنانی ئەو خەونە نەزۆکە کردووە، ئێرانیش پاکتاوی حزبی دیموکرات و تەواوی لایەنە کوردستانیەکانی رۆژهەڵاتی دەکرد و خەباتی رەوای ئەو بەشەی کوردستانی لە هەناوی شەڕانگێزی خۆیدا گۆشەگیر دەکرد، پیلانەکەش وا داڕێژرابوو پەکەکە شەڕ بەرێتە سنووری بادینان، ئەوەش دەرگای بە رووی هاتنی سوپای تورکیادا دەکردەوە و ئەو سنوورە دەکرایە گۆڕەپانی جەنگێکی قورسی ماڵوێرانکەر کە تەنها کورد تێیدا زەرەرمەند دەبوو.
مەترسیە گەورەکە لێرەوە سەری هەڵدەدا، چونکە ئەوکات شتێک نەدەما بەناوی حکومەتی هەرێم و رەنج و خوێن و خەبات و دەستکەوتی دەیان ساڵەمان دەکرایە خۆراکی ئەژدهای کۆنەقینی گرووپێکی ناوخۆ و حەزو خولیای داگیرکارانی کوردستان.
لێرەوە دەردەکەوێ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب ئەگەر پارتی پێشی پێ نەگرتبا و شکستی بە پیلانەکە نەهێنابا، ئەوا رەوتی کوردایەتی و هەڵگرانی پەیامی سەربەخۆیی کوردستان دووچاری لەناوبردن دەبوون، بۆیە ٣١ی ئاب کار نەبوو، بەڵکو کاردانەوەی ئەو پیلانگێڕیە بوو کە لەو قۆناغەدا دژ بە خەباتی رەوای خەڵکی کوردستان نەخشەرێژی بۆ کرابوو.
لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێ کە ٣١ی ئاب خیانەت بوو یان وەڵامدانەوەی پیلانگێڕی و پێشگرتن بە خیانەت؟ وەک لەو روونکردنەوەی سەرەوەدا چەندین بەڵگە خرانە روو کە هەموو رووداووکانی پێش ٣١ی ئاب خیانەتی نەتەوەیی نیشتیمانی بوون بە خەباتی رەوای کوردانی دوو پارچەی کوردستان، بۆیە بە هەموو پێوەرە سیاسی و شۆڕشگێڕیەکان ٣١ی ئاب وەڵامدانەوەی پیلانگێڕی و خیانەتێک بوو کە لەناوبردنی شۆڕشی کوردانی ئەو دوو پارچەی کوردستانی تێدا بە ئامانج گیرابوون.
Top