سەرۆک بارزانی تەنها برایەتی کوردپەروەرانی قبوڵە

سەرۆک بارزانی تەنها برایەتی کوردپەروەرانی قبوڵە
لەگەڵ توندبوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا نەیانی پارتی بۆ شاردنەوەی دەرچوونیان لە رێڕەوی کوردایەتی و رێگە خۆش کردن بۆ چوونە پاڵ بەغدا، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتەنە بانگەشەی ئەوەی گوایە سەرۆک بارزانی نەیتوانی ببێتە برا گەورە, لە وەڵامی بانگەشەی ئەوانەدا دەڵێم:ــ
لە کوێی دنیا و لە شۆڕشی رزگاریخوازی کام گەلی چەوساوە و ژێردەستەدا بینراوە و بیستراوە خیانەتکار و وڵاتفرۆش، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزی بە برا گەورە قبوڵ بووبێ؟! ئەی کام شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزی دنیا برا گەورایەتی خیانەتکار و وڵاتفرۆشانی قبوڵ بووە؟!
لە دوای ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ باڵێکی ناو لایەنێکی دیاریکراو بە ئاشکرا کەوتنە شەڕی دەنگ و بڕیاری خەڵکی چەوساوەی کوردستان و، بۆ لەباربردنی ریفرانۆم و سست کردنی هەنگاوەکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی بوونە بەشێک لەو پلانگێڕیەی داگیرکارانی کوردستان دژ بە ریفرانۆم گێڕایان، ئاخر نەک هەر کوردانی باشوور، بەڵکو کوردانی پارچەکانی تریش هەموو خۆزگە و ئاواتەکانیان لەسەر ئەو ریفراندۆمە هەڵچنیبوو، ئەوانیش هەستان بە چاوساغی کردنی دوژمنان و لەگەڵ خۆزگە و ئاواتەکانی کوردانی هەر چوار پارچە کەوتنە شەڕ، ئاخر سەرۆک بارزانی چۆن برا گەورایەتی ئەوانەی قبوڵە؟!
دوای ئەوە ئەو باڵەی ناو ئەو لایەنە بە هاوکاری چەند لایەنێکی تر بەرەو بەغدا کەوتنە راکەڕاک و بە مەبەستی نەهێشتنی حکومەتی هەرێم و ئەنجامدانی دوا قۆناغی پیلانگێڕیەکە داوای پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)و دادگایی کردنی سەربەخۆخوازانیان دەکرد، ئاخر سەرۆک بارزانی چۆن برا گەورایەتی ئەوانەی قبوڵە؟!
دوای ریفراندۆم لایەن هەبوو پێیوابوو تازە شتێک نامێنێ بەناوی حکومەتی هەرێم و بەغدا وەک سەردەمی بەعس و سەددام حوسێن دەست بەسەر کوردستاندا دەگرێتەوە، جا ئەو لایەنە بۆ ئەوەی دڵسۆزی خۆی پیشان بداو بە زەلیلی لە سووچێکەوە شوێنێک بۆ ژیانی خۆی دابین بکات، ریفراندۆم و دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستانی بە (سەقەت) ناو دەبرد، ئاخر سەرۆک بارزانی چۆن برا گەورایەتی ئەوانەی قبوڵە؟! کورت و کرمانجیەکەی هەڵۆ لە بەرزی دەژیا و داڵە کەرخۆرەش لە نزمی و لەسەر لاکی گەنیو دەژیا، ئایا هەڵۆ چۆن دەتوانێ داڵە کەرخۆرە فێری بەرز فڕین و لە بەرزی ژیان بکات؟! یان داڵە کەرخۆرە کە چاوی لە نزمی ژیان و لاکی گەنیوی سەر زەوییە، چۆن دەتوانێ لەگەڵ هەڵۆ بەرز بفڕێ و لە بەرزی بژیا؟!
Top