١٦ی ئاب رێکەوتێکی مێژوویی و دەگمەن
August 15, 2019
وتار و بیروڕا
دەبێ رێکەوت بێ یان خەباتی رزگاری نیشتیمانی وای خواستووە کە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ ببێتە رۆژی دامەزراندنی پارتی و لە دایک بوونی سەرۆک بارزانی؟!
خۆ ئەگەر رێکەوت بووبێ رێکەوتێکی مێژوویی و دەگمەنە پارتێک لەو رۆژەدا دابمەزرێ و رابەرێک لە هەمان رۆژدا لە دایک ببێ و وەرچەرخانێکی مێژووی لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیەکی ژێردەستەدا درووست بکەن، ئەگەر خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیش وای خواستبێ، دووبارە رووداوێکی دەگمەنە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ.
گرنگی ئەو دوو رووداوە مێژوویە لە یەک رۆژدا تەنها لەوەدا نییە کە حزبێک دامەزراوە و سەرۆک و رابەرێک لە دایک بووە، گرنگی ئەو دوو رووداوە لە گۆڕینی رێڕەوی مێژوو دایە، ئەوەش پێویستی بە بەدوادا چوونە و چی وایکردووە ئەو دوو رووداوە لە یەک رؤژ و یەک ساڵدا رووبدەن و توانی گۆڕینی ئاڕاستەی مێژوویان هەبێ؟
پارتی لەسەر دەستی رابەر و پێشەوای کورد بارزانی نەمر دامەزراوە، ئەوەش وایکردووە پارتی ببێتە قوتابخانەی بووژانەوەی هزر و بیری نەتەوەیی و بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد لە جوغزی ناوچەگەرایی دەربێنێ و رەونەقی کوردایەتی پێ ببەخشێ، سەرۆک بارزانیش وەک کوڕی بارزانی نەمر دووجار کەوتە ژێر کاریگەری ئەو هزر و بیرە نەتەوەییەی بارزانی نەمر، جارێک وەک بۆ ماوەیی کە کوڕی بارزانی نەمرە و جارێکیش وەک پەروەردە و راهێنان لەسەر ئەو هزر و بیرە نەتەوەییەی کە بارزانی نەمر بنەمای چارەسەری کێشەی کوردی لەسەر هەڵچنیبوو، کەواتە بارزانی نەمر لە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی ئێستا و رابردووی سەرۆک بارزانی و هەموو ئەو دەستکەوت و گۆڕانکاریانەی بە رابەرایەتی ئەو و ئاراستە کردنی پارتی لە خەباتی رزگاریخوازی کورد روویانداوە و هاتوونەدی، پشکی شێر بەر بارزانی نەمر بەردەکەوێ و لە داهاتووشدا هەرچی دەست بکەوێ و بێتەدی هی ئەو و رێبازەکەیەتی.