ئۆجەلان و دەوڵەتی کوردی

ئۆجەلان و دەوڵەتی کوردی

کورد دەوڵەتی سەربەخۆی ناوێ، واتا با کورد هەر چەوساوە و خاک داگیرکراو بێ، واتا ئەو کارەسات و نەهامەتیانەی تورک و فارس و عەرەب لە رابردوودا بەسەر کوردیان هێناون با هەر بەردەوام بن و دریژەیان هەبێ، واتا بە تێپەڕبوونی کات خواستی داگیرکاری تورک و فارس و عەرەب بێنەدی کە لەناوبردنی یەکجارەکی کوردە، پرسیار ئەوەیە دەبێ ئەوە قسەی ئۆجەلانی رێبەری پەکەکە بێ؟
کورد بەدەستی تورک و فارس و عەرەبەوە ئەوەندەی ئازار چەشتووە پێم وانیە جگە لە ئۆجەلان و هاوبیرەکانی هیچ کوردێک خۆزگەی بەردەوامی ئەو ئازارە بخوازێ، بۆیە لەوە دڵنیام ئۆجەلان لە دوو حاڵەتدا خۆزگەی بەردەوامی ئازارەکانی سەر کوردی خواستووە.
یەکەم:ــ ئۆجەلان تا ئەوکاتەی نەگیرابوو موزایەدەی دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی کوردی بە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەفرۆشتەوە، ئێستا کە بێ راپرسی و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان دەڵێ: کورد دەوڵەتی سەربەخۆی ناوێ، دیارە بەلای خاڵوانیدا چۆتەوە، چونکە لە کاتی گیرانی وەک حاشا کردن لە کوردبوون گوتی دایکم تورکە.
دووەم:ــ ئەگەر ئەو حاڵەتەی سەرەوە نەبێ، دیارە ئەوە قسەی میتی تورکە و بە عەبدوڵا ئۆجەلانی دەکات، چونکە میت و دەزگا هەواڵگریەکانی فارس و عەرەب نەک هەر دەوڵەتی کوردی رەت دەکەنەوە، بەڵکو هەر هەنگاوێکی کوردانە رەت دەکەنەوە کە لە دەرەوەی ئیرادەی داگیرخوازی خۆیان بێ، بۆیە هەق نییە هیچ کوردێکی سەربەخۆخواز تانە لەو قسەیەی ئۆجەلان بدات، چونکە ئەگەر بەلای خاڵوانیدا چووبێتەوە ئەوا مافی خۆیەتی وەک خاڵوانی بیر بکاتەوە، خۆ ئەگەر ئەوە قسەی میتی تورک بێ و بە ئۆجەلانی بکات، دووبارە مافی خۆیەتی، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی تەنها سەربەخۆخوازەکان توانیویانە بەرگەی ئێش و ئازاری ناو زیندانەکانی تورک و فارس و عەرەب بگرن.
Top