ئاڵا و پێشمەرگە و ئەی رەقیب
August 3, 2019
وتار و بیروڕا
هەر چوار داگیرکاری کوردستان بە هەموو جیاوازی و دوژمنایەتی ناوخۆیان لە دژایەتی کردنی ئاڵا و پێشمەرگە و ئەی رەقیب جیاوازی و دوژمنایەتی ناوخۆیان بەلاوە دەنێن و دەچنەوە پاڵ یەک، ئەو هەڵوێستەی داگیرکارانی کوردستان زۆر ئاساییە، چونکە بە بێ دوژمنایەتی کردنی ئاڵا و پێشمەرگە و ئەی رەقیب ناتوانن درێژە بە سیاسەتی داگیرکاری خۆیان بدەن و خواستە شۆڤێنیەکانیان تێر بکەن.
بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە لە کوردستان کەس و دەستە و گرووپی وا پەیدا بوون ئاڵا بە پارچە پەڕۆ ناو دەبەن، پێشمەرگە بە میلیشیا و سێڵڤچی دەزانن، لەبەر ئەی رەقیب هەڵناستنە سەرپێ، لێرەدا دەپرسین: ئەرێ بەڕاست چی بەو کەس و دەستە و گرووپانە دەگوترێ کە بە چاوی داگیرکارانی کوردستان لە هێما و بەها نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی وەک ئاڵا و پێشمەرگە و ئەی رەقیب دەڕوانن؟
ئاڵا واتای ناسنامەی نەتەوەیی، پێشمەرگە واتای بەرگری لە بوون و مانەوەی نەتەوەیی، ئەی رەقیب واتای بانگی رابوون و راچڵەکینی نەتەوەیی، لێرەوە مێژوو بەو کەس و دەستە و گرووپانەی ناسنامەی نەتەوەیی بە پارچە پەڕۆ ناو دەبەن، بەرگریکاران لە بوون و مانەوەی نەتەوەیی بە میلیشیا و سێڵڤچی دەزانن، لە کاتی بانگی رابوون و راچڵەکینیشدا پاڵدەدەنەوە دەڵێ: لە پێخەفی داگیرکاراندا خەونی سەربەخۆیی دەبینن و بە بانگی ژێردەستەیی خەبەرتان دەبێتەوە.