شانۆگەری رۆژ

شانۆگەری رۆژ

کاتی لادانی پەردەی شانۆ، کاتژمێر نۆ و یەک خولەک، بەڵام نازانرێ کاتژمێر نۆ و یەک خولەکی شەوە یان نۆ و یەک خولەکی بەیانییە.
تەختی شانۆ:ــ بیابانی جەهالەت.
ئەکتەری یەکەم و پاڵەوانی شانۆگەری:ــ تاقانەیەکی ئەنفال.
ئەکتەری دووەم:ــ مولازمێکی عەرەبی تووڕە و چاوزەق.
ئەکتەری سێیەم:ــ راوێژکارێکی ترسنۆک.
ئەکتەری چوارەم:ــ راوێژکارێکی دۆشداماو.
جەماوەر:ــ کەسوکاری ئەنفالکراوان.
ژێر ئەو لمەی بیابانی جەهالەت پڕیەتی لە ئێسک و پرووسکی ژن و منداڵی کورد، ها ئەوەتا دایک لە کاتی ژێرگڵ خستن کۆرپەکەی لە باوەش گرتووە، ئەوەش جلوبەگی ئافرەتانی ئەنفال کراو، ئەوەش مەمکەی دەمی منداڵێکی شیرەخۆرە, ئەوەش سەرپایەی منداڵێکی پێنج شەش ساڵان.
تاقانەی ئەنفال ئاڵای کوردستانی لە مل دایە و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە لە ئێسک و پرووسکی دایک و باوک و خوشک و براکانی دەڕوانێ.
مولازم: ئەو ئاڵایەی ملت داگرە، ئێرە عێراقە و ئەو ئاڵایە لێرە یاساغە.
تاقانەی ئەنفال: مەگەر بە فیشەک ئاڵاکەی ملم بێننە خوارێ.
راوێژکاری ترسنۆک: اسمع لی، اسمع لی یا سیادة الملازم.
راوێژکاری دۆشداماو: ئێمە بۆ شەڕە کەڵەشێر نەهاتووین.
راوێژکاری ترسنۆک: ئەوەی ئاڵای کوردستانی لە ملدایە کادیری پارتییە.
پەردە دادرایەوە با بزانین لە پاش پەردە چی گوزەراوە.
راوێژکاری دۆشداماو: دەمانتوانی بە یەک تەلەفۆن لیوایەک بجزڵێنین.
راوێژکاری ترسنۆک: لە پاش پەردە مولازمەکە بە بن گوێیدا چرپاندم و گوتی: داوای لێبووردن دەکەم.
شانۆ بە سەربەرزی تاقانەی ئەنفال و سەرکزی دوو راوێژکارەکە و مۆڕەمۆڕی مولازمەکە کۆتایی هات.
Top