تاقانەی ئەنفال و جووتە راوێژکار

تاقانەی ئەنفال و جووتە راوێژکار

لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە، یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال بە ناوی حەسەن عەلی ئاڵای کوردستانی لە ملدا دەبێ، مولازمێکی دوو نەجمەی هەرزە و کاڵفام پێی دەڵێ: ئەو ئاڵایە داگرە، تاقانەیەکی تری ئەنفال دەڵێ: ئەگەر ئاڵاکە دادەگری بیدە دەستی من تا بەرزی بکەمەوە، ئەویش دەڵێ: مەگەر بە فیشەک ئاڵاکە بخەنە سەر زەی، لەو کاتەدا جووتە راوێژکارێکی سەرۆک کۆمارە کوردەکە لەوێ دەبن، لەو دەنگە دەنگە و کیشەی نێوان تاقەنەکەی ئەنفال و مولازمە هەرزە و کاڵفامە دوو نەجمەکە، جووتە راوێژکارەکەی سەرۆک کۆمار دەست دەکەن بە پاڕانەوە و بە مولازمەکە دەڵێن: (اسمح لی اسمح لی) یا سیادة الملازم.
کورد دەڵێ: ماڵ بە ماڵخۆی نەچێ حەرامە، ئەشهەدو راستە و ئەو تاقانەیەی ئەنفال و ئەوانی تریش رێک بە دایک و باوکە ئەنفال کراوەکانیان چوونەوە و، لەسەر بەرز راگرتنی ئاڵای کوردستان پێشبڕکێیان بوو ئەگەر نرخی ئەو بەرز راگرتنە بە مەرگی خۆشیان بووبێ.
جووتە راوێژگارەکەی سەرۆک کۆماریش رێک بە سەرۆک کۆمارەکایان چوونەوە و ئەوەی بە لایانەوە گرنگ بوو بەرز راگرتنی دڵی مولازمە هەرزەکار و کاڵفامە دوو نەجمەکە بوو، وەک لە پاڕانەوەشیان دەرکەوت ئامادە بوون حورمەتی خۆشیان بخەنە ژێر دوو پێی مولازمە دوو نەجمەکە.
هەقە لە کاتی گەڕانەوەی ئەو تاقانەی ئەنفال حکومەتی هەرێم بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لێ بکات، وە هەقە جووتە راوێژکارەکەش ناویان لێ بنرێ (اخی اسمح لی)و لە کاتی گەڕانەوەیان نەفرەتباران بکرێن و بە هایهوو کردن ریسوا بکرێن.
Top