سیستەمی جاشایەتی گۆڕاوە

سیستەمی جاشایەتی گۆڕاوە

بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد جاش هەبووە، بەڵام جاشەکانی ئەوکات زۆر راستگۆ بوون و نکولیان لە جاشبوونی خۆیان نەدەکرد، پێچەوانەی جاشەکانی ئێستا کە نەک هەر نکولی لە جاشبوونی خۆیان دەکەن، بەڵکو جاشبوونی خۆیان بە خەبات و شۆڕشگێری و کوردپەروەری بە خەڵک دەفرۆشنەوە.
لە رابردوودا جاشەکان بە چەک رووبەڕووی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان دەبوونەوە، جاشەکانی ئێستا بە قەڵەم پەلاماردانی بەها و سەروەریەکانی مێژوو دەدەن و رووبەڕووی هزر و بیری نەتەوەیی و ئامانجە نیشتیمانیەکان دەبنەوە و ئاسایشی نەتەوەییش دەخەنە ژێر هەڕشە و مەترسییەوە.
مەترسی ئەو مۆدێلەی جاشایەتی کە جاش قەڵەم و جاش پەرلەمانتارەکان دایانهێناوە، لەوەدایە هەر کەس و لایەنێک بەرگری لە کوردبوون بکاو لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان خەبات بکات، وەک ئەوەی لە ریفراندۆمدا بینیمان پەلاماری دەدەن، کار لەسەر تێکدانی ناوماڵی کورد دەکەن و دژی هەر هەوڵێک دەوەستنەوە کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر خاکی ژێر دەسەڵاتی داگیرکارانی کوردستان، بە پێچەوانەوە لە رابردوودا جاشەکان نە ئەوەیان دەکرد و نە پێشیان دەکرا، تەنانەت جاش قەلەمی وا هەیە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە رابەرایەتی (ئیمام خومەینی) بە سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورە بۆ کورد ناو دەبات، بە پێوەری ئەو جاش قەڵەمەش هەموو حزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خانەی خەتا و تاوان دان و سێدارەی گەڕۆک و تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملو و شەرەفکەندی زۆر رەوا و لە جێی خۆیدا بوون، چونکە ئەگەر سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی وەک ئەو جاش قەڵەمە دەڵێ بۆ کورد دەستکەوت و سەرکەوتن بووبێ، هەموو ئەو کەس و حزب و لایەنانەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد تێدەکۆشن دژی دەستکەوتەکانی کوردن و کوشتن و هەڵواسینیان رەوایە، بەوەش رەوایی بە کوشتن و هەڵواسینی دەدرێ هەموو کوردانی رۆژهەڵات دەدرێ.
Top