کامیان زیاتر خزمەت بە تورک دەکات؟ کاڵکان یان ئەردۆغان؟!
July 26, 2019
وتار و بیروڕا
ئەگەر دوران کاڵکان لە تورکیا بووایە و لە یەکێک لە حزبە شۆڤێنیەکانی تورک کاری سیاسی کردبا، زۆر زۆر دەیتوانی بگاتە پۆستی وەزیر، گریمان پۆستە وەزاریەکەشی وەزیری بەرگری دەبوو، ئەو خزمەتەی ئێستا بەناوی پەکەکە بە تورک و تورکیای دەکات، بە پۆستی وەزیری هەرگیز نەیدەوانی ئەو خزمەتەی ئێستا بە تورک بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغانی تورک نەژاد و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورک (ئاکپارتی) دەڵێ: ئەگەر لە ئەرجەنتینیش دەوڵەتی کوردی درووست ببێ سەربازی بۆ دەنێرین، دوران کاڵکانی تورک نەژاد و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکاتی پارتی کریکارانی کوردستان (پەکەکە)ش دەڵێ: یان هەرچوار پارچەی کوردستان بەیەکەوە ئازاد دەبن، یان باشووریش ئازاد نابێ.
نەخشەی دابەشکردنی کوردستان لە رووی جوگراقییەوە کوردی لە جیهان دابڕیوە، ئەوەش وایکردووە شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد بە دوژمن دەورە بدرێن و لە هیچ لایەکەوە دەستی بە هیچ دۆستێک نەگا و لە هاوکاری و پشتیوانی وڵاتان و ئازادیخوازانی جیهان بێبەش ببێ و، پیلانی داگیرکارانیش وەک دەیانەوێ سەربگرن، بۆیە تا پارچەیەکی کوردستان رزگار نەبێ و نەبێتە دەروازەیەک بۆ خەباتی رەوای پارچەکانی تر، محاڵە هیچ پارچەیەک ئازاد ببێ و کورد لە چەوسانەوە و ژێردەستەیی رزگاری ببێ و مافە زەوتکراوەکانی وەربگرێتەوە.
دوران کاڵکان بە بەستنەوەی رزگاری هەرچوار پارچەی کوردستان لە یەک کاتدا، ئاستەنگ درووست دەکات لەوەی ئازادی پارچەیەک ببێتە دەروازە بە رووی خەباتی رەوای پارچەکانی تردا، لێرەوە سیاسەتی ئەردۆغانی تورک نەژاد و دوران کاڵکانی تورک نەژاد یەکتری تەواو دەکەن، تەنها جیاوازییەک کە لە نێوان سیاسەتی دژە کوردانەی ئەو دوو تورک نەژادەدا هەبێ، ئەوەیە کە ئەردۆغان بۆ پێشگرتن بە سیاسەتی رزگاریخوازی کورد پشت بە هێزی تورکی دەبەستێ و دوران کاڵکانیش پشت بە هێزی پەکەکە وەک حزبێکی کوردی دەبەستێ، بە واتایەکی تر دوران کەڵکان هەموو ئەو کوردانەی لە ژێردەستەیی یاخی دەبن و سیاسەتی داگیرکاری و چەوسانەوەی نەتەوەیی رەت دەکەنەوە و دەبنە پەکەکە، نەک هەر دەیانباتەوە ژێر ستەمی تورک و داگیرکارانی تری کوردستان، بەڵکو شەڕی سەربەخۆخوازانی پارچەکانی تریشیان پێدەکات، کەواتە لە دژایەتی کردنی کورد و هێشتنەوەی کوردستان بە ژێردەستەیی سیاسەتی دوران کەڵکان بۆ کورد و جووڵانەوەکانی ،زۆر لە سیاسەتی ئەردۆغان مەترسیدارترە و دوران کەڵکان بە هێزی کوردی بەگژ خواست و ئامانجەکانی کورددا دەچێتەوە و تورکیش سەیرکەر دەبێ، بۆیە پێویستە پەکەکە بە سیاسەتی هەڵەی خۆیدا بچێتەوە و رابەرایەتی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستان لە دەستی تورک نژادێکی وەک دوران کاڵکان دەربێنێ و کورد خۆی رابەرایەتی خۆی بکات،