تف لە خۆ کردن

تف لە خۆ کردن
پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی بە پێی سەنگ و دەنگ و کورسی لە کابینەی هەشت بەشدار بوون، جگە لە پارتی هەموو لایەنەکان خەڵکی خۆیان هاندەدا بڕژێنە سەر شەقام و بە موزایەدەی بوونی گەندەڵی و بە درووشمی (ارحل) پەلاماری دامودەزگاکانی حکومەتیان دەدا و دەیانسووتاندن، ئەوە لە کاتێکدا بوو لە دزی و گەندەڵیەکەش شەریک بوون، ئەگەر یەکێتی و کۆمەڵ وەک نموونە وەربگرین ئەو راستییە دەردەکەوێ کە ئەو لایەنانە لە پێناو چەواشەکردنی خەڵک ئامادە بوون تف لە خۆیان بکەن.
ئەگەر لە زۆنی سەوز شەقامێک پینە کرابا میدیاکانی یەکێتی دەیانکردە هەراو دەیانگوت: بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی حکومەت فڵان شەقام نۆژەن دەکرێتەوە، لە کاتیکدا پینە کردن بوو نەک نۆژەن کردنەوە، بەڵام باسیان لە پرۆژەکانی هەولێر نەدەکرد، بە واتایەکی تر بۆ پینە کردنی (١٢٠) مەتر لە شەقامێک هەرایان دەنایەوە، بەڵام باسی درووست کردنی شەقامی (١٢٠) مەتری هەولێریان نەدەکرد، هەر لە دوای تەواو بوونی هەرای پینە کردنی (١٢٠) مەتر لە شەقامێک دەیانگوت: گەندەڵی هەیە و ئێمە لەو گەندڵیەوە نەگلاوین و لە ئاوی حەیات پاکترین.
کۆمەڵی ئیسلامی یەک وەزارەتی هەبوو، کەچی دەیگوت: هەموو حکومەت گەندەڵە، بەڵام وەزارەتەکەی ئێمە گەندەڵی تێدا نییە، لە کاتێکدا کار و چالاکی هەر وەزارەتێک لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێ دەدرا، ئەرێ خێرە لاکە گۆشتێک گەنیبێ و لەو لاکە گوڵمە گۆشتێک دەربێنێ و بڵێی: ئەو لاکە گۆشتە هەمووی گەنیوە و تەنها ئەو گوڵمە گۆشتە پاک و خاوێنە؟! بەراستی سەیرە و یەکەمجارە ببینرێ و ببیسترێ کەسێک یان لایەنێک هەبێ و تف لە رووی خۆی بکات وەک ئەوەی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم بینیمان، کە ئەو لایەنانە لە پێناو دژایەتی کردنی پارتی و حکومەتی هەرێم خۆیان تفباران دەکرد.
Top