مەلا بەختیار و پەیج و سایتەکانی بەرهەم ساڵح
July 22, 2019
وتار و بیروڕا
وەک لە پرۆژەکەی مەلا بەختیار دەردەکەوێ یەکێتی بەرەو داڕمان دەچێ و هاواری ئەوەیەتی یەکیتی لەو داڕمانە رزگار بکرێ، پەیج و سایتەکانی سەر بە بەرهەم ساڵحیش دەڵێن: خوایە لەو قەرارەی راگری، لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێ، ئایا کیشە و کوتلە و کوتلەبازی و باڵباڵێنی ناو یەکێتی گەیشتۆتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی مەلا بەختیار بۆی بێتە سەرخەت و پرۆژەی بۆ پێشکەش بکاو بەو فراوانیە کۆنگرەی رۆژنامەنی بۆ ببەستێ؟ یان بارودۆخی ناو یەکیتی ئەوەندە ئارام و بی کێشەیە کە پەیج و سایتەکانی سەر بە بەرهەم ساڵح ئاوا پەلاماری مەلا بەختیار بدەن؟
ئەوەی جێگای سەرنجە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و ماڵی مام جەلالیش لەو شەرە دندووکەی نێوانیان بێدەنگن و خۆیان بێلایەن دەردەخەن، ئایا ئەوانیش مەبەستیانە دڵی هیچیان نەڕەنجێنن و کورد گوتەنی نە شیش بسووتێ و نە کەباب، لێرەدا بە چەند بەڵگەیەک دەردەکەوێ کە ئەوەی مەلا بەختیار گوتی راستە و ئەوەی پەیج و سایتەکانی سەر بە بەرهەم ساڵح دەیڵێن ترسە لەوەی لەو قەرارە بۆیان رانەوەستێ و لێیان تێک بچێ.
یەکێک لەو بەڵگانەش ئەوەیە کە بەرهەم ساڵح لە رووداوەکانی ناو کەرکوک و هێنانەوە پێشی پرۆسەی تەعریب لەو شارە و دەوروبەری بێدەنگە و خۆی کردووە بە کەڕەی شەربەت فرۆش، چونکە لەو بارەوە بێدەنگ نەبێ هیچ بڵێ، ناڵیم خوا لێی تێکدەدا، بەڵکو شیعە لێی تێکدەدەن، ئەوکاتیش هەم بەرهەم ساڵح بێ کار و کردار دەبێ و هەمیش پەیج و سایتەکان نان بڕاو دەبن.