پارتی نەبووم و پارتیش نابم

پارتی نەبووم و پارتیش نابم
هێشتا منداڵ بووم و لە سەرەتای خویندنی سەرەتایی بووم لە مامۆستاکانم دەبیست، کورد ژێردەستەی تورک و فاری و عەرەبە و نیشتیمانەکەی دابەش کراوە و لەسەر کوردبوون دەکوژرێ، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن و تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی خوێندن ئەوە لای من بوو بە پرسیار، کورد بۆچی ژێردەستەی تورک و فارس و عەرەبە؟ ئەی بۆچی نیشتیمانی داگیر کراوە و بۆچی لەسەر کوردبوون دەکوژرێ؟
وەڵامی ئەو دوو پرسیارەم لەوەدا چڕ کردەوە، کە رزگار بوون لە ژێردەستەیی پێویستی بە خەبات و تێکۆشانە و دەبێ وەڵامی کوشتن لەسەر کوردبوونیش بە کوردایەتی کردن بدرێتەوە، لێرەوە هەستم بەوە کرد کە وەک تاکێک لەو گەلەی ژێردەستەیە و لەسەر کوردبوون دەکوژێرێ ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیم لەسەر شانە، لەو کاتەشدا دەمبیست کە بارزانی نەمر خەمی ئازاری کوردی لە کۆڵ بەستووە و رابەرایەتی ئەو شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرانە دەکات، کە ژێردەستەیی رەتدەکەنەوە و دژی سیاسەتی دابەشکاری نیشتیمانەکەیان دەوەستنەوە، ئیتر لەو کاتەوە و لە سەرەتای لاوێتیم بڕیامدا یەکێک بم لە شوێنکەوتووانی رێبازی مەلا مستەفای بارزانی، ئەگەرنا لە ژیانمدا پارتی نەبووم.
ئێستا کە دەبینم سەرۆک بارزانی لە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیدا شوێن پێی بارزانی نەمری هەڵگرتووە و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی رزگاری کورد و بەگژدا چوونەوەی ئەقڵیەتی کوشتنی کورد لەسەر کوردبوون، رابەرایەتی شوێنکەوتووانی رێبازی بارزانی نەمر دەکات و منیش یەکێکم لە شوێنکەوتووانی رێبازی بارزانی نەمر، ئەگەرنا ئێستاش پارتی نیم.
Top